سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی: ئەگەر دەرکردنی دکتۆر بەرهەم بەهێزە

:: PM:01:10:14/09/2018 ‌
سەرچاوەیەک لە هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕای دەگەیەنێت، کە ئەگەرى ده‌ركردنى بەرهەم ساڵح لە ریزی حزبەکەیان بەهێزە و بەهۆکارێکیشی دەزانن بۆ شکستی هاوپەیمانی.

سەرچاوەکە کە یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، ئەمڕۆ هەینی 14ى ئه‌یلوول، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، کە سەرکردەکانی هاوپەیمانی زۆر نیگەرانین لەو بێ پرەنسیپییەی"بەرهەم ساڵح" و ڕەنگە بە فەرمی لە حزب دەری بکەین.

ئاماژەی دا "هێزی هاوپەیمانی و ڕێکخستنەکانی پێوەندی بە سەرکردەکانی حزب بە تایبەت محەمەد ڕەئووف و ئارام قادر هەیە نەک بەرهەم ساڵح کە لەوەتی حزبەکە دامەزراوە دوو مانگ لەسەر هەڵوێستێک جێگیر نەبووە و هەر دەمە و لەسەر پەتێک یاریی دەکات تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆی نەک هاوپەیمانی".

سەرچاوە باڵاکە دووپاتی کردەوە کە بە ڕۆیشتنی بەرهەم ساڵح و کەوتنە دوای پۆست هاوپەیمانی هەڵناوەشێتەوە و کاری خۆی دەکات، بۆیە لەناو حزبدا ئەو بۆچوونە بەهێزە کە بەرهەم ساڵح دەربکەین و هاوپەیمانی لەو دڵەڕاوکە دەرباز بکەین.

لەبارەی هۆی ئەو جووڵە نوێیانەی سەرۆکی هاوپەیمانی بەرەو ناو یەکێتی ناویه‌تى، سەرچاوەکە گوتی، "ئێمەیش سەرمان سوڕ ماوە کە دکتۆر بەرهەم بۆ ئەوەندە سادە و بێ بەها بوو بەو خێراییە پشتی کردە هاوڕێ تازەکانی و ڕێبازە نوێیەکەی، بەڵام دەزانین ئەو پیاوە بەرژەوەندی کەسیی خۆی بەلاوە گرنگترە لە هەموو بابەتێک".

بەرهەم ساڵح لە ساڵی 2010ەوە بە ئاشکرا نیگەرانە لە بنەماڵەی تاڵەبانی و بەوە تۆمەتباریان دەکات کە دەستیان بەسەر بڕیار و دارایی یەکێتیدا گرتووە، پێشتر چەند جارێک داوای کرد بچێتە ناو گۆڕان بەڵام نەوشیروان مستەفا ڕەتی کردەوە. 

سەرەتای ئەمساڵ لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی ئینتیما جیاواز حزبی هاوپەیمانیان دامەزراند، بەڵام هەرزوو لە هەڵبژاردنی عێراق شکستی هێنا و کەوتەوە گفتوگۆ بۆ چوونەوە ناو یەکێتی.

سەرچاوەکەی هاوپەیمانی ئەوەیشی گوت، "ئەوانەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح کەوتوونەتە گفتوگۆ بۆ چوونەوە ناو حزبەکەی بنەماڵەی تاڵەبانی هەر کۆنە یەکێتییەکانن کە پێشتر ڕەخنەیان هەبوو لەسەر بنەماڵە، بۆیە ئەوان گوزارشت لە خۆیان دەکەن لەو ڕێککەوتنی بەدەستهێنانی ئیمتیازاتە، نەک هاوپەیمانی".


وشە - محەمەد میران