محەمەدی حاجی مەحمود بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌ولێره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌كات

حزبی سۆسیالیست کە لە چوارچیوەی هاوپەیمانی سەردەمدا بەشداری هەڵبژاردن دەکات، وادەی دەست پێ کردنی بانگەشەی ڕاگەیاند و کەسی یەکەمی حزبەکەش گوتاری دەبێت.

بەختیار کەریم گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، به‌ ڕۆژنامه‌نووسانى ڕاگەیاند، "سبه‌ی شه‌موو 15ى ئه‌یلوول، لیستی سەردەم لە شارى هەولێر بە مەراسیمێكی فراوان بانگەشەی دەست پێ دەکات".

گوتەبێژەکەی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ئاشكرایشى كرد، كه‌ لە مەراسیمەکەدا "محەمەدی حاجی مەحمود" بەشداری دەکات و گوتارێکی تایبه‌تى دەبێت.

سەبارەت بەوەی بۆچی هەولێریان هەڵبژاردووە بۆ دەست پێ كردنی بانگەشەی هەڵبژادن، بەختیار کەریم گوتی، "هەولێر پایتەختی هەرێمى كوردستانه‌ و دوو حزبەکەی تری ناو هاوپەیمانیی سەردەم بارەگای سەرەکیان لەو شارەیە".

حزبی سۆسیالیت دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هەر یەک لە "پارتی کرێکاران و یەکێتی نەتەوەی کوردستان" هاوپەیمانیی سەردەمیان پێکهێناوه‌ و بۆ بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پێكه‌وه‌ بانگه‌شه‌ ده‌كه‌ن.

بڕیارە ڕۆژی 30ی ئەیلوول هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوە بچێت و 773 كاندید لە چوارچێوەی 29 لیست و هاوپەیمانی كێبڕكێ‌ لەسەر 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.


وشە - محەمەد میران


PM:05:56:14/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 615 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌