خاتوونه گۆرانیبێژى ناسراوى كورد ئه‌مه‌ل سه‌عید كورده دواى ماوه‌یه‌ك بێده‌نگى، ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ بوارى گۆرانى و كار بۆ به‌رهه‌مێكى زۆر جیاواز ده‌كات به‌دوو زمان و كولتوورى جیاواز. له دیمانه‌یه‌كى تایبه‌ت به"وشه" له‌باره‌ى نوێترین به‌رهه‌می رای گه‌یاند: ئێسته سه‌رقاڵى كاركردنم بۆ به‌رهه‌مێكى نوێی گۆرانى كه به‌رهه‌مێكى گریكییه و به‌دوو زمانى جیاواز و دوو كولتوورى جیاواز.
ماوه‌یه‌كه بێده‌نگى و كارى نوێت نییه؟
سروشتى كاركركردنى هونه‌ریم وایه، یه‌كێكم له‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ى كارى هونه‌ریم كه‌مه، به‌ڵام سوپاس بۆ خوا كه به‌گه‌وره‌یی لاى گوێگر ده‌مێننه‌وه.
تا ئێسته چه‌ند به‌رهه‌مت هه‌یه؟
تا ئێسته زیاتر له 30 به‌رهه‌مى تۆماركراوم هه‌یه كه زیاتر له 10 به‌رهه‌میان كراون به‌كلیپ و بڵاو كراونه‌ته‌وه.
هونه‌ر چیی پێ به‌خشیویت و له چى بێبه‌شى كردووى؟
هونه‌ر ناو و ناوبانگ و كه‌سایه‌تى پێ به‌خشیوم، به‌ڵام هه‌ر هونه‌ر زۆر له ئازادییه‌كانى لێ زه‌وت كردووم و بێبه‌شى كردم لێیان.
به‌بۆچوونی خۆت كام به‌رهه‌مت له‌لای خه‌ڵك زۆرترین پێشوازى لێ كراوه؟
ده‌توانم بڵێم هیچ كام له گۆرانى و به‌رهه‌مه‌كانم كرچوكاڵ نه‌بوون، بۆیه سه‌رجه‌م كاره‌كانم پێشوازیى گه‌رمیان لێ كراوه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بته‌وێ باسى كارێك بكه‌م، ئه‌وا ده‌نگدانه‌وه‌ى گۆرانیى "سنوور ئارام به" بوو، چونكه ناوه‌ڕۆكى هۆنراوه‌كه‌ى پێوه‌سته به‌چاره‌نووسى گه‌لێك كه سه‌فه‌رى گه‌نجه‌كانى وڵاته و داوا له سنوور و ده‌ریا ده‌كات ئارام بن تا ئازیزه‌كانى به‌بێ خه‌م بگه‌نه كه‌نارى ئارامى و رزگار بن له مردن.
به ڕای تۆ ئێسته هونه‌رى كوردى ڕه‌سه‌نایه‌تى پاراستووه؟
ڕه‌سه‌نایه‌تى شتێك نییه هونه‌رمه‌ندان پشتگوێ‌یان خستبێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ به‌رده‌وامیی پێ بده‌ین و زیاتر بناسرێت به‌گه‌لانى تر‌ى دنیا، ئه‌وا هه‌ندێك جار تێكهه‌ڵكێشكردنى كولتوورى تر‌ى دنیای پێویسته.
ئه‌ى كاتێك ستایلێكى نوێ ده‌هێنرێته ناو هونه‌ر و ئاشنا نین پێی؟
ئه‌وكاته ده‌ڵێین هونه‌ر شێواوه و هه‌ندێك گازنده‌ى تریش، به‌ڵام نكۆڵى ناكرێ كارى زۆرباش كراون و كارى ئاستنزمیش كراون، به‌داخه‌وه ئه‌وانه‌ى خه‌ڵك ناویان ده‌نێت كارى هونه‌رى، ته‌نیا گێژه‌ڵووكه‌یه‌كن كه بۆ ماوه‌یه‌كى كاتى دێن و له‌گه‌ڵ خۆیاندا هه‌ندێك لق و پۆپی گوڵ و گه‌ڵاكان ده‌شكێنن و ده‌ڕۆن.
له كوردستاندا تاچه‌ند پشتگیرى له ژنانی هونه‌رمه‌ند ده‌كرێت؟
ده‌بوو ئه‌و پرسیاره‌ت به‌شێوه‌یه‌كى تر بكردایه وه‌ك ئه‌وه‌ى كه ئایا هونه‌رمه‌ندانى وڵات تاچه‌ند پشتیوانى و پێوه‌ندیتان هه‌یه به‌لایه‌نى پێوه‌ندیداره‌وه، به‌ڵام چونكه ئه‌و پره‌نسیپه لاى میله‌تى كورد نییه، بۆیه ئه‌و پرسیاره‌ت ئاسایی بێت بۆ هه‌ندێك له هونه‌رمه‌ندان، ڕه‌نگه هه‌ندێك ژنى هونه‌رمه‌ند پشتیوانى كرابێت له‌لایه‌ن لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان، به‌ڵام خۆم به‌هیچ شێوه‌یه‌ك پێوه‌ندیم به‌هیچ لایه‌نێك نه‌بووه، كه‌ى ڕۆژێك مافى كاره هونه‌رییه‌كانى خۆم وه‌رگرته‌وه، ئه‌وكات ده‌زانم گه‌یشتووینه‌ته ئاستێكى زۆر به‌رز و ڕێزى هونه‌رمه‌ندانمان له‌لا به‌رزه، به‌ڵام داخى گرانم ئه‌وكات نه خۆم و نه هاوڕێكانم له ژیاندا نه‌ماوین، گرنگ نییه من له‌ژیاندا بمێنم یا نا، گرنگ ئه‌وه‌یه هه‌وڵ بده‌ین ئه‌و مافه بۆ هونه‌رمه‌نده‌كانى دواى خۆمان به‌ده‌ست بهێنین.
وه‌ك هونه‌رمه‌ند كه‌ى له تیڤى ده‌ركه‌وتی؟
له ته‌مه‌نى 17 ساڵى وه‌ك ده‌نگخۆش و به‌هره‌مه‌ندێك له تیڤى ده‌ركه‌وتم، له 19 ساڵیمدا ژیانى هاوسه‌رگیریم پێكهێنا له‌گه‌ڵ كامه‌رانى هاوسه‌رم، له 20 ساڵیدا بووم به‌دایكى پرژه، له 21 ساڵیدا په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانم ته‌واو كرد له به‌شى موزیك و گۆرانى له سلێمانى و بوومه خاوه‌ن بڕوانامه‌ى دیپلۆمى هونه‌رى، له 24 ساڵیدا خاوه‌ن ئیمتیازى گۆڤارى كریڤ بووم، له 28 ساڵیمدا چاره‌نووسم كه‌وته تاراوگه له به‌ریتانیا له شارى له‌نده‌ن، له ته‌مه‌نى 31 ساڵیدا خوا كنیشكێكى جوانى تر‌ى پێ به‌خشین به‌ناوى كاژه.
كارت بۆ گۆرانییه‌كى هونه‌رمه‌ندێكى جیهانى كردووه كه چه‌ندان ساڵ له‌مه‌وبه‌ر گوتراوه. چۆن باسى ده‌كه‌یت؟
به‌ڵێ یه‌كه‌م جاره كار بۆ تۆماركردنى گۆرانییه‌كى هونه‌رمه‌ندێكى جیهانى ده‌كه‌م كه 54 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر تۆمار كراوه، ئه‌و به‌رهه‌مه ئه‌زموونێكى نوێ و ستایلێكى نوێیه كه كه‌ڤه‌رى گۆرانییه‌كه به‌رازیلى یا ئه‌مه‌ریكاى لاتینه به‌ناوى Agua De Beber به‌ماناى ئاو بۆ خواردنه‌وه، ئه‌و گۆرانییه ئۆرجیناڵه‌كه‌ى له ساڵى 1963 به‌زمانى پرتوگالى گوتراوه و پاشان هه‌مان ئاواز به‌ئینگلیزى گوتراوه‌ته‌وه، منیش هه‌مان كارم كردووه به‌كوردى و تۆمارم كردووه، ئه‌و به‌رهه‌مه ئاوازى هونه‌رمه‌ند ئه‌نتۆنیۆ كارلۆس جۆبیمه و هۆنراوه پرتوگالییه‌كه‌ى له‌لایه‌ن Vinicius De Moraea نووسراوه، هۆنراوه ئینگلیزییه‌كه‌ى له‌لایه‌ن Norman Gimbel نووسراوه و هۆنراوه كوردییه‌كه‌ى هێمن به‌رزنجى نووسیویه‌تى، ئێسته به‌شێكى زۆر له كاره‌كانى ته‌واو بووه و به‌مزووانه بڵاوى ده‌كه‌ینه‌وه.
ئامانجت چییه له گوتنه‌وه‌ى ئه‌و شاكاره؟
ئامانجم له گوتنه‌وه‌ى ئه‌و شاكاره ئه‌وه‌یه له‌م جۆره قاڵبه موزیكییه‌مان كه‌مه یان نیمانه، بۆیه به‌بێ ده‌سكارى فۆرمه‌كه‌ى كه‌ڤه‌رم كردووه‌ته‌وه تا نه‌بینه مایه‌ى شێواندنى شاكارێكى جیهانى، هه‌روه‌ها تا ببێته نموونه‌یه‌كى زیندوو بۆ نه‌وه‌ى نوێ له دنیاى هونه‌ردا، دواتریش ده‌بێته ئه‌رشیڤێك بۆ خۆم و پته‌وكردنى ئه‌و قاڵبه موزیكییانه‌ى له زانكۆ كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ین.
وه‌ك زانیومانه له سه‌ردانى ئه‌م جاره‌ت بۆ كوردستان، كارت بۆ دووباره‌كردنه‌وه‌ى گۆرانییه‌كى تر كردووه؟
له سه‌ردانى ئه‌مجاره‌م بۆ كوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى گرووپه‌كه‌مان گرووپی موزیكى لوڕ، كارمان بۆ گۆرانییه‌كى نوێ كردووه، ئه‌و گۆرانییه به‌ناوى "ئاگرێكى بێ خۆڵه‌مێشه" و یه‌كێكه له گۆرانییه‌كانى هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌د عه‌باس بارام.
ڕێزلێنان و خه‌ڵاتت له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى وڵات وه‌رگرتووه؟
به‌ڵێ تا ئێسته چه‌ندان خه‌ڵات و ڕێزلێنانم پێ به‌خشراوه بۆ زۆر له كاره خێرخوازییه‌كان له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى وڵات، كارم له‌گه‌ڵ زۆر له هونه‌رمه‌ند و ژه‌نیاره گه‌وره‌كانى كورد كردووه كه مایه‌ى شانازیمن.
به ژنه گۆرانیبێژێكى ڕه‌سه‌نى كورد ناسراویت له ڕووى ئاواز و پۆشینى جلوبه‌رگه‌وه، كه‌چى زانیومانه یه‌كێك له به‌رهه‌مه‌كانت ستایلى توركییه، له‌وباره‌یه‌وه چى ده‌ڵێیت؟
گۆرانى "ئه‌ى وه‌ته‌ن" یه‌كێكه له به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كانم، هه‌ندێ كه‌س كۆمێنتى ئه‌وه‌یان له‌باره‌یه‌وه بڵاو كردووه‌ته‌وه كه ستایل و نوێكردنه‌وه‌ى ئه‌و سرووده توركییه، منیش ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌یه ده‌ده‌م كه هه‌ندێك كه‌س له بێ زانیاری‌دا حوكمى هه‌ڵه ده‌ده‌ن، ئه‌و به‌رهه‌مه ئاوازى كۆنه و هۆنراوه‌ى زێوه‌رى شاعیره و موزیكى كارزان كامیله، ئه‌ره‌بێسك ستایلێكى موزیكى ڕۆژهه‌ڵاتییه، سه‌ره‌تاى دروستبوون و سه‌رهه‌ڵدانى بۆ میسر و شام ده‌گه‌ڕێته‌وه، له كۆتایی ساڵانى 1970 تێكه‌ڵ به‌موزیكى توركى بووه. وه‌ك هه‌میشه داگیركارى عوسمانى خاسیه‌ته باشه‌كانى له وڵاته داگیركراوه‌كان ده‌برد و ده‌یكردنه موڵكى خۆى و گه‌شه‌ى ده‌سه‌ند. ئه‌ره‌بێسك له شارستانیه‌تى عه‌ره‌بی ئیسلامی‌دا دروست بووه و مێژووه‌كه‌ى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ زیاتر له هه‌زار ساڵ پێش ئێسته. له سه‌ده‌ى نۆزده‌یه‌مه‌وه هونه‌رمه‌نده‌كان ئه‌ره‌بێسك ده‌گوازنه‌وه بۆ ئیستانبوڵ، هه‌ر له‌وێشه‌وه به‌رگێكى توركى ده‌كرێته به‌ر ئه‌و ستایله و ده‌یتوركێنن.
ئه‌مه‌ل سه‌عید كورده له‌دایكبووى 1976ی شارى كه‌ركووكه، سێ برا و چوار خوشكن، له ته‌مه‌نى هه‌شت ساڵى گه‌ڕاوه‌ته‌وه سلێمانى له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ى، له سلێمانى قۆناغى سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندى و په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى ته‌واو كردووه.