كه‌م كه‌س هه‌یه ناوى قاله‌مه‌ڕه‌ى خوالێخۆشبووی نه‌بیستبێت كه توانیویه‌تى پێگه‌یه‌كى به‌رزى له‌ناو هونه‌ر و گۆرانى و ئاوازى كوردیدا هه‌بێت، ئێسته‌ش له یه‌كێك له گونده دڵگیره‌كانى شارۆكه‌ى پێنجوێن "ره‌شان"، حه‌سه‌ن حه‌مه خدر ناسراو به"قاله‌مه‌ڕه‌ى پێنجوێن" ده‌ژى كه له‌دایكبووى ساڵى 1953یه و له ساڵى 1976 به‌دواوه به‌هۆى خۆشه‌ویستى بۆ هونه‌رمه‌ندى كۆچكردوو (قاله‌مه‌ڕه) ده‌ستى به‌ژه‌نینى شمشاڵ كردووه، په‌یامنێرى "وشه" بۆ یه‌كه‌مین جار خۆی گه‌یانده ئه‌و هونه‌رمه‌نده و ئه‌م دیمانه‌یه‌ی له‌گه‌ڵدا ساز كردووه.
له‌وباره‌یه‌وه حه‌سه‌ن حه‌مه خدر به"وشه"ى راگه‌یاند، ده‌ستپێكردنى ژیانم له دێیه‌كه‌ى خۆم گوندى ره‌شان بووه و ساڵانێكى زۆریشه شمشاڵ ده‌ژه‌نم، له ساڵى 1976ه‌وه شمشاڵم ژه‌نیوه و له شایی و دانیشتنه‌كاندا به‌شداریم كردووه، به‌رده‌وامیش له سه‌رده‌مى گه‌نجی و شوانیدا شمشاڵم ژه‌نیوه.
قاله‌مه‌ڕه‌ى پێنجوێن زیاتر ده‌ڵێ، "منداڵ بووم كاتێك خولیاى شمشاڵ بووم، له‌و كاته‌دا كوڕێكى خاڵۆزام هه‌بوو كه ئێسته له‌ژیاندا نه‌ماوه، ده‌چووم شمشاڵه‌كه‌ى ئه‌وم ده‌برد و خۆم فێرى ده‌كرد، دواتر ئه‌و به‌هۆى هه‌ڵكشانی ته‌مه‌نیه‌وه نه‌یتوانى له‌سه‌ر شمشاڵ ژه‌نین به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام م من به‌رده‌وام بووم".
باسی له‌وه‌ش كرد، كاتى خۆى هه‌ر كه‌سێك گۆرانیى بگوتایه، بێ پڕۆڤه‌كردن له‌گه‌ڵیدا ده‌ڕۆیشتم و هیچ كێشه‌یه‌كم نه‌بووه و پێویستیشم به‌نۆته نه‌بووه، واته له‌كاتى گۆرانیدا كه له‌سه‌ر كاسێت تۆمار ده‌كرا، قه‌ت پێویستم به‌وه نه‌بووه گۆرانییه‌كه بسڕمه‌وه و یان چه‌ند جارێك دووباره‌ى بكه‌ینه‌وه.
قاله‌مه‌ڕه‌ى پێنجوێن ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد، كاتى خۆى ئێمه كۆمه‌ڵێك براده‌ر بووین، هه‌ندێكیان گۆرانیبێژى باش بوون، له‌ناویاندا كاك مه‌حموود هه‌بوو كه گۆرانیبێژ بوو و ئێسته ماڵى له شارى سلێمانییه، ئه‌و له زۆربه‌ى ئاهه‌نگه‌كاندا به‌شدار بووه له‌گه‌ڵمدا، هه‌روه‌ها (ده‌روێش عه‌بدوڵا و فایه‌ق توتمانى و ئه‌حمه‌د شێخ مارێنى و فه‌قێ ئه‌حمه‌دى تاتان) ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك گۆرانیبێژ بوون زۆر تێكه‌ڵ بووین و له ئاهه‌نگه‌كاندا پێكه‌وه بووین.
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ست به‌چى ده‌كات كه نازناوى قاله‌مه‌ڕه‌ى پێنجوێنى هه‌یه؟ ئه‌و گوتی "كه پێم ده‌ڵێن قاله‌مه‌ڕه‌ى پێنجوێن پێم ناخۆشه، چونكه هه‌رگیز ناتوانم وه‌ك قاله‌مه‌ڕه‌ى خوالێخۆشبوو بم، قاله‌مه‌ڕه پیاوێكى هه‌ژار بووه، ئه‌گه‌ر نا ده‌بوو له هه‌موو شارێكى كوردستاندا په‌یكه‌رێكى بۆ دروست بكرایه، شوێنێكى دیاریكراوى باشى به‌ناو بنرایه و پیاوێكى به‌رز بووه، من وا نازانم كه شاگردى ئه‌ویش بم، هه‌موو ساتێك رێز و حورمه‌تم هه‌یه بۆ ئه‌و گڵه‌ى وا به‌سه‌ریه‌وه.
ئه‌وه‌شی گوت، "ئێسته‌ش شمشاڵێكى ئه‌وم له‌لا ماوه كه كاتى خۆى به‌دیارى له ئێرانه‌وه به‌كه‌سێكدا بۆى ناردبووم و تا مردنیش نایفه‌وتێنم، چونكه ئه‌وم زۆر خۆشم ده‌وێت".
له‌باره‌ى ئاستى هونه‌رى كوردیشه‌وه رای گه‌یاند، داواكارم له هونه‌رمه‌ندان ئه‌گه‌ر كاری زۆر باشیان پێ نه‌كرێ، با كه‌میشى نه‌كه‌نه‌وه، بێ تام و له‌زه‌تى نه‌كه‌ن، هه‌رچه‌نده هونه‌رمه‌ندى باشیشمان هه‌یه.
له كۆتاشدا بۆ "وشه" گوتی كاریگه‌رى سروشتى جوان و دڵگیریى كوردستانى به‌سه‌ره‌وه‌یه، "ئه‌گه‌ر سروشت نه‌بووایه، له‌وه نه‌ده‌چوو بگه‌یشتمایه به‌م رۆژه، جوانیى سروشت په‌روه‌رده‌ى مرۆڤ و روح و دڵ و مێشكه، به‌درێژایی ته‌مه‌نم له‌ناو سروشتدا بووم و به‌وه‌شه‌وه ماومه‌ته‌وه، شمشاڵى من بۆ خه‌ڵك و نیشتمان و سروشت بووه و بۆ جوانى وڵات بووه.
گوندى ره‌شان نزیكه‌ى پێنج كیلۆمه‌تر له شارۆكه‌ى پێنجوێنه‌وه دووره و ده‌كه‌وێته دامێنى چیایه‌كى سه‌ركه‌شى كوێستانه‌كانى كوردستان.
وشه/ رێبین پێنجوێنى