ماوریسیۆ ساری راهێنەری یانەی چێڵسی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە بڕوای تەواوی هەیە ئەمساڵ هێرشبەری تیپەكەی ئیدین هازاردی ئەستێرەی بەلجیكی دەتوانێ ببێتە گۆڵكاری خولی نایابی ئینگلیزی و خەڵاتی پێڵاوی زێڕ بەدەست بێنێ.
هازارد شەمووی رابردوو لە پێنجەم یاریی یانەكەی لە خولی نایابی ئینگلیزی 3 گۆڵ (هاتریك)ی تۆمار كرد كاتێك یانەكەكەی بە ئەنجامی 4-1 گۆڵ لە یانەی كاردیف سیتی بردەوە، ئەستێرە بەلجیكییەكە ئێستا بە تۆماركردنی 5 گۆڵ لە پێشەنگی گۆڵكارانی خولەكەدایە.
ساری كە ئەمساڵ ئەركی راهێنەرایەتی یانەی چێڵسی وەرگرتووە رایگەیاند: پێشتریش گوتوومە هازارد ئەمساڵ دەتوانێ زیاتر لە 40 گۆڵ تۆمار بكات.
زیاتر گوتی: بڕوام وایە ئەمساڵ هازارد دەتوانێ ببێتە گۆڵكاری خولی نایابی ئینگلیزی و دواتریش خەڵاتی پێڵاوی زێڕین وەك باشترین گۆڵكاری خولە گەورەكانی ئەوروپا بەدەست بێنێ.
جێی باسە وەرزی رابردوو محەمەد سەڵاحی ئەستێرەی میسڕی و یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی بە تۆماركردنی 32 گۆڵ ببووە گۆڵكاری خولی نایابی ئینگلیزی، بە دوو گۆڵ پێش هاری كینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام كەوتبووە كە دوو وەرز بوو ئەو گۆڵكاری خولەكە بوو.