بەرشەلۆنە تا ئێستاش لە پۆگبا دڵنیایە

:: AM:11:19:18/09/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی تا ئێستاش دڵنیایە دەتوانێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بكات.

یانەكە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوودا هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا، بەڵام بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد رەتیان كردبووەوە بیفرۆشن.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە نێوانی پۆگبا و جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد خۆش نییە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا ئەستێرە فڕەنسییەكە یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد جێبێڵێ.

ماڵپەڕی (گۆڵ)ی جیهانی بڵاوی كردەوە: تا ئێستاش یانەی بەرشەلۆنەی پاڵەوانی ئیسپانیا هیوای گواستنەوەی پۆگبای بۆ نێو یاریگەی كامپ نوو لە سەرەتای ساڵی داهاتوو لەدەست نەداوە.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا دووبارە بە چڕی دێنەوە نێو ركابەرییەكانی گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا و دڵنیاشن دەتوانن ئەم كارە بەسەركەوتوو ئەنجام بدەن.

سەرەڕای ئەوەی مۆرینۆ چەند جارێك پێش ئێستا رەتی كردۆتەوە كێشەی لەگەڵ پۆگبا هەبێت، بەڵام ئەستێرە فڕەنسییەكە بەدڵنیایەوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا یانەی مانچستەر یونایتد و خولی نایابی ئینگلیزی جێدێڵێ، بەڵام دیار نییە دەگەڕێتەوە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی یان روو لە خولی ئیسپانیا و یانەی بەرشەلۆنە دەكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م