تووڕەیی هونەرمەندانی گەرمیان نزیكە لە تەقینەوە

:: AM:07:54:20/09/2018 ‌
هونەرمەندانی بوارە جیاجیاكان لە شارۆكەكانی كەلار و كفری و خانەقین، رای دەگەیەنن كە وەزارەتی رۆشنبیری لەلایەك و سلێمانی لەلایەكی تر، خۆیان و ناوچەكەیان پشتگوێ خستووە و نەك بودجەیان بۆ دابین ناكەن بۆ كاری هونەری، بگرە ئاستەنگیشیان بۆ دروست دەكەن. 

لەم بەدواداچوونەی "وشە"دا هونەرمەندانی خانەقین نایشارنەوە كە بەهۆی ئاستەنگەكانی كوردستانەوە پێوەندی بە بەغداوە دەكەن. هونەرمەندانی كەلار و كفریش نیگەرانییەكانیان گەیشتووەتە لووتكە.

سەربەست ئەحمەد یەكێك لە هونەرمەندانی دیاری گەرمیان كە بەشداریی چەندان زنجیرە دراما و كاری سینەمایی كردووە، بە"وشە"ی گوت كە بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان، وەك بەڕێوەبەرایەتییە رۆشنبیرییەكانی تری كوردستان نەیتوانیوە هیچیان بۆ بكەن، بۆیە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە خەمی هونەرمەندانی گەرمیانی هەڵنەگرتووە.

ئەحمەد دووپاتی كردەوە كە "بڕیارم داوە تا گەرمیان نەبێت بە خاوەنی هۆڵی سینەمایی شیاو، چیتر ناچمە دەرەوەی گەرمیان بۆ كاری هونەری". 

ئەمە هەر كێشەی سەربەست ئەحمەد نییە، ئەوەتا خاتوو زەینەب ئەركەوازیی شێوەكار لە خانەقین، بۆ "وشە" ددان بەوەدا دەنێ كە "گرفت و ئاستەنگی زۆر رووبەڕووی هونەرمەندانی خانەقین دەبێتەوە".

ئەو نموونە بۆ قسەكەی دێنێتەوە بە "نەبوونی گەلەرییەكی تایبەت لە خانەقین، دەرنەكردنی ناسنامەی هونەرمەندیی لە هونەرمەندانی خانەقین لەلایەن سەندیكا و یەكێتی هونەرمەندان لە سنووری گەرمیان و سلێمانی، كێشەی بەردەوامی ئێمەن".

زەینەب ئەوانە بەهۆكار دەزانێ و بەگوتەی خۆی، "بەناچاری روو لە بەغدا دەكەین بۆ دەركردنی ناسنامە، چونكە لەوێ ئەو هەموو ئاڵۆزییەی كوردستان دروستی دەكات بۆمان، نییە و بە ناردنی داوایەك بۆ سەندیكا و رێكخراوەكانی تایبەت بەهونەرمەندان، بە ئاسانی ناسنامەمان پێ رەوا دەبینن".

دووپاتی دەكاتەوە كە بەشی زۆری هونەرمەندانی خانەقین بەهۆی ئەوەی كەس پشتگیرییان ناكات، وازیان لە كاری هونەری هێناوە.

لای خۆیەوە جیهاد مەولوود یەكێكی تر لە هونەرمەندانی گەرمیان لەبارەی بەڵگەی فەرامۆشكردنی گەرمیان لەلایەن سلێمانییەوە، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە "جگە لە دابین نەكردنی بودجەی پێویست بۆ كارە هونەرییەكان، لە یەكەمین فێستیڤاڵی كولتووری گەلان كە لە قەڵای شێروانە /دەكەوێتە ناوشاری كەلار/ بەڕێوە چوو، لە ساڵانی رابردوودا لەبری گەرمیان، سلێمانی هات بەشداریی فێستیڤاڵەكەی كرد، ئەمە باشترین بەڵگەی پەراوێزخستنی گەرمیانە لەلایەن سلێمانییەوە و هەرگیز جێی قبووڵكردن نییە".

بەڵام مژدە جەوهەر هونەرمەندێكی بواری درامایە لە كفری و بۆ "وشە" ئەوەی خستە ڕوو، تا ئاستێك رەنگە ئاوڕ لە كەلار درابێتەوە، بەڵام "كفری زۆر فەرامۆش كراوە، واتا خەمی ئێمە زیاترە".

هەرچەندە كفری پەیمانگەی هونەرە جوانەكانی لێ كراوەتەوە، بەڵام مژدە دووپاتی دەكاتەوە "ئەو ناوەندە هونەرییە نەبووەتە هۆی بایەخدان بە شارۆكەكە، بۆیە ئەو قوتابییانەی بەشە جیاجیاكانی پەیمانگە تەواو دەكەن، بەهۆی نەبوونی پشتگیرییان كار ناكەن".

مژدە كێشەیەكی تری ژنانی بواری هونەر دەبەستێتەوە بە كەمتەرخەمی داودەزگاكانی بواری هونەر و ئاشكرای دەكات، "لە سنووری گەرمیان و كفری لەمپەری كۆمەڵگە زۆر دێتە بەردەم ژنانی بوارەكە، بۆیە ئەگەر حكوومەت دەستگیرۆییان نەكات، زیاتر لە هونەر دوور دەكەونەوە".

بەختیار كاكە دیوێكی تری گەرمیان پێوەست بە هونەر دەورووژێنێ كە لە رووی سروشتەوە بەشێوەیەك خوڵقاوە، لۆكەیشنی زۆر جوان و سروشتی تێدایە، بۆیە دەیان كاری سینەمایی هونەرمەندانی دەرەوەی كوردستانیش هاتوون لە گەرمیان و كفری لۆكەیشنیان بۆ كارەكانیان كردووە.

كاكە بۆ "وشە" گوتی "سەرباری ئەوەی گەرمیان دەیان هونەرمەندی بە ئەزموونی تێدایە، بەڵام بەهۆی ئاوڕنەدانەوە لە ناوچەكە، ئەو هونەرمەندانەیش دەرنەكەوتوون".

ناڕەزایی هونەرمەندانی كەلار، كفری و خانەقین لە كاتێكدایە كە لە نۆی ئەم مانگە لە یاداشتێكی فەرمیدا بۆ لایەنە پێوەندارەكانی حكوومەتی هەرێم، تێكڕای هونەرمەندانی بوارە جیاجیاكان ئەوەیان خستە ڕوو كە ماوەی پێنج ساڵە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان هەیە، بەڵام بودجە و تەرخانكردنی پارەی بەراورد بە بەڕێوەبەرایەتییە رۆشنبیرییەكانی تر، بۆ دابین نەكراوە.

داواشیان كردووە ئەگەر لایەنە پێوەندارەكان بودجەی پێویست بۆ بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری گەرمیان تەرخان ناكەن، باشتر وایە دایبخەن.

ئاكۆ هۆرێنی بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری گەرمیان بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، بڕی بودجەی مانگانەیان دوو ملیۆن دینارە بۆ 12 بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە. بەگوتەی خۆی "ئەو بودجەیە بەشی پەڕاوگە و پێداویستی فەرمانگەكانیش ناكات".

ئەو بەرپرسە هاوشێوەی هونەرمەندان نیگەرانی خۆی نەشاردەوە لەوەی "فێستیڤاڵی گەورە بە بودجەی گەورە لە شارەكانی تر ئەنجام دەدرێ، كەچی ئاوڕ لە گەرمیان نادرێتەوە". 

ئەوەیش دەڵێ كە تەنگژەی دارایی كراوە بە بیانوو، ئەگەر نا پارە بۆ شوێنەكانی تر خەرج دەكرێ، بەڵام بۆ ئێمە وەڵامی زۆربەی داواكارییەكانیشمان نادرێتەوە بۆ ئەنجامدانی چالاكییە هونەرییەكان.

وشە/ سەبری هۆرێنی



وشە - تایبه‌ت