له‌ وارشۆ قاره‌مانییه‌تی پێشمه‌رگه‌ نمایش ده‌كرێ

:: PM:07:17:13/12/2016 ‌

پیشانگەیەکی وێنەیی "پێشمەرگە لە دوێنێ و ئەمڕۆدا" لە وارشۆ کرایەوە، تێیدا سیمفۆنیاکانی پێشمەرگە و شەنگال نمایش کران.

نووسینگەی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە "پۆڵۆنیا" مەراسیمی کردنەوەی پیشانگەیەکی وێنەیی بەڕێوە برد بەناوی "پێشمەرگەکان ئەمڕۆ و دوێنێ" بەهاوکاری لەگەڵ کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی پۆڵۆنیا، کە بارەگاکەی خۆی تەرخان کرد بۆ پیشانگەکە، هەروەها بەهاوکاری لەگەڵ یانەی فۆتۆگرافیی ڕۆژنامەوانی. 

ئەو پیشانگەیە بەشێكە لە هەڵمەتێکی فراوان بەناوی "پۆڵۆنیيەکان بۆ پێشمەرگە" کە ئامانجی ئەوەیە تێکۆشان و قارەمانێتی پێشمەرگە زیاتر بناسێنێت بە نەتەوە و دەسەڵاتی پۆڵۆنیا و پشتگیری زیاتری سەربازی و سیاسی بەدەست بهێنێت بۆ پێشمەرگە و کوردستان. 

لە بۆنەکەدا زیاتر لە 170  کەس بەشدارییان کردبوو، لەوانە نوێنەرانی بەرزترین دەسەڵاتی پۆڵۆنی لە سەرویانەوە جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پیران (ئەنجومەنی پەڕلەمانی بەرز) بۆگدان بۆڕوسێڤیچ  و جێگری وەزیری بەرگری نیشتمانی بەڕێز ڤۆیچێك فالکۆڤسکی، دەستەی دیپلۆماتی، نوێنەرانی دەسەڵاتی خۆجێیی هەرێمی مازۆڤێچکی و هەرێمی شفیێنتۆکشیسکی، گۆڕەپانی ئەکادێمی، میدیاکان، ڕۆژنامەنوسانی فۆتۆگرافی، ڕەوەندی کوردی و زۆر کەسی تر کە بە پاڵەوانێتی پێشمەرگە سەرسامن. 

مەراسیمی کردنەوەکە بە پێشوازی کردن لە میوان دەستی پێکرد لە لایەن خودان بۆنەکە. بەڕێز دۆنات بریکچینسکی – سەرۆکی یانەی فۆتۆگرافیی ڕۆژنامەوانی. دواتر زیاد ڕەئوف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا وتارێکی پێشکەش کرد. سوپاسی میوانەکانی کرد بۆ ئامادەبوونیان، بەتایبەت سوپاسی وێنەگرانی پیشانگەکەی کرد کە چەندین جار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و بەچاوی خۆیان بەرەکانی جەنگیان دیتووە، گفتوگۆیان لەگەڵ پێشمەرگە کردووە و وێنەیان لەگەڵ گرتوون، خەڵکی پۆڵۆنیایان بە ئازایەتی و قارەمانێتی پێشمەرگە ناساندووە. نوێنەری حکوومەت باسی بابەتی پیشانگەکەی کرد کە مەبەست لێی مێژووی پێشمەرگە بوو لە سەردەمی جەنگی دژ بە ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی سەددام تا جەنگی ئێستای دژ بە داعش. ئاماژەی بەوەدا کە تا ئێستا زیاتر لە 1600 شەهید و 9 هەزار برینداری پێشمەرگەمان هەیە. زیاد ڕەئوف بە دەرفەتی زانی بانگەوازی هاوکاری سەربازی بکات بۆ هێزی پێشمەرگە و وەگرتنی بریندارەکان و هەروەها پشتیوانی سیاسی بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها ڕایگەیاند، کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی "پۆڵۆنیەکان بۆ پێشمەرگە"، نوسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆنە و چاڵاکی تریش ئەنجام دەدات. دواتر بەناوی هەموو وێنەگرانی پیشانگەکە ڕۆژنامەنوسی سەربەخۆ بەڕێز ڤیتۆڵد ڕێپێتۆڤیچ  وتەیەکی پێشکەش کرد، کە تازە لە کوردستانەوە گەڕابۆوە بۆ پۆڵۆنیا. لە وتەکەیدا باسی بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای کوردستانی کرد. 

دوای تەواو بوونی وتارەکان، میوانەکان گوێیان بۆ دوو سیمفۆنیا گرت بەناوی "پێشمەرگە" و "شەنگال" کە لە لایەن هونەرمەندی ناسراو دڵشاد سەعید نوسراوە. دوای ئەوەش خوانێکی سادەی کوردی بۆ میوانەکان ئامادەکرا. 

پیشانگەکە دەنگی زۆری دایەوە لە میدیا پۆڵۆنییەکان، کە بەردەوام دەبێت تا کۆتایی مانگی یەنایەری 2017، کە ئەوەش بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆی سەردان کردنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی پۆڵۆنیا. 

لە پیشانگەکەدا وێنەی ٩ وێنەگری ڕۆژنامەوانیی پۆڵۆنی هەڵواسراوە کە لە ساڵانی 2014 – 2016 سەردانی هەرێمی کوردستان و بەرەکانی پێشەوەی جەنگی پێشمەرگەیان لەدژی داعش کردووە. وێنەکان دەوڵەمەند کراون بە قسە و گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگەکان کە دیداریان لەگەڵ ئەنجام داون. بەشی دووەمی پیشانگەکە وێنەی ئەرشیفی پێشمەرگەی لە ساڵانی شه‌سته‌وه‌ تا دەگاتە ساڵی نه‌وه‌دی تێدایە، کە لە سەرچاوی وێنەیی Kurdistan Photolibrary  خانەوادەی کریس کوتچێڕا وەرگیراوە.




















وشە - كوردۆ شابان