فیفا: میسی و رۆناڵدۆ ناخۆشیان كردووە

:: AM:10:37:25/09/2018 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) رەخنەی توندی لە هەردوو ئەستێرەی جیهان كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی و لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی گرت بەهۆی ئامادەنەبوونیان لە ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتی باشترینەكانی جیهان كە شەوی رابردوو لە شاری لەندەنی پایەتەختی ئینگلتەڕا بەڕێوەچوو.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە فیفا رەخنەی لە هەردوو ئەستێرەكە گرتووە و رایگەیاندووە: هەردوو ئەستێرەكە تۆپی پێیان ناشیرین كردووە و شێواندوویانە، چونكە نازانن ئامادەنەبوونیان لە ئاهەنگەكە چەندە زیان بە تۆپی پێ بەگشتی و خۆیان بەتایبەتی دەگەیەنێ.

فیفا هەروەها رایگەیاندووە: لە رووخساری سەرجەم ئامادەبووانی ئاهەنگەكە تووڕەبوون بەهۆی ئامادەنەبوونیان بەدی دەكرا، بەتایبەت كە ئەوان لە ئاهەنگەكانی رابردوو ئامادە دەبوون، بەڵام كە زانیویانە براوەنین رەتیانكردۆتەوە بێن.

جێی باسە میسی رایگەیاندبوو كە بەهۆی هەندێ كاری تایبەتی خێزانییەوە ناتوانێ لە ئاهەنگەكە ئامادەبێت و رۆناڵدۆش بەهۆی سەرقاڵبوونی بە ئامادەكارییەكانی یاریی نێوان یۆڤێنتۆس و پۆڵۆنیا لە خولی ئیتاڵیا رەتی كردبووەوە لە بەشداری ئاهەنگەكە بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م