بەهۆی تۆمەتە سێكسییەكانی رۆناڵدۆ نرخی یانەی یۆڤێنتۆس دابەزیوە


نرخی یانەی یۆڤێنتۆس لە بۆرسەی ئیتاڵیا بەشێوەیەكی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینی بەهۆی تۆمەتە سێكسییەكانی ئەستێرە پورتوگالییەكەی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بەرامبەر بە ئافرەتێكی ئەمەریكییەوە.

ماڵپەڕی (فوتبۆڵ ئیتاڵیا) لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد كە نرخی یانەی یۆڤێنتۆس بەهۆی ئەو داوا یاساییەی لەسەر رۆناڵدۆ تۆمار كراوە سەبارەت بە دەستدرێژی سێكسی بەرامبەر ئافرەتێكی ئەمەریكی لە ساڵی 2009، لە بۆڕسەی ئیتاڵیا بە رێژەی 5.37% دابەزینی بەخۆیەوە بینی و نرخی یانەكە بوو بە 1.25 ملیار یۆرۆ.

دوو كۆمپانیای سپۆنسەری یانەی یۆڤێنتۆس بە ئاشكرا دڵگرانی خۆیان بە تۆمەتەكانی دەستدرێژی سێكسی رۆناڵدۆی تەمەن 33 ساڵ دەربڕی بەرامبەر ئافەرەتێكی ئەمەریكی بەناوی كاسرین مایۆرخا لە شاری لاس ڤیگاس.

رۆناڵدۆ پێشتر لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) هەموو ئەم تۆمەتانەی رەتكردبووەوە و جەختی كردبووەوە كە ئەوان دەیانەوێ لەژێر ناوی ئەو خۆیان بەناوبانگ بكەن.

رۆژنامەی (دێر شپیگڵ)ی ئەڵمانی پارساڵ لە راپۆرتێكدا باسی لەوە كردبوو كە رۆناڵدۆ لە ساڵی 2009 دوای جێهێشتنی یانەی مانچستەر یونایتد و پەیوەندیكردنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید، بۆ بەسەربردنی پشوو چووبووە شاری لاس ڤیگاس و لەوێ لە یانەیەكی شەوانە چاوی بە كاسرین مایۆرخا كەوتبوو و دواتر دەستدرێژی سێكسی كردبووە سەری، بەڵام لەبەرامبەر بڕێك پارە ئافرەتەكەی رازی كردبوو رووداوەكە بۆ دەزگاكانی راگەیاندن باس نەكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:11:27:06/10/2018




ئه‌م بابه‌ته 1285 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌