ئەمڕۆ لە سوپەر كلاسیكۆ عێراق و سعوودییە رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە

:: AM:11:51:15/10/2018 ‌

ئەمڕۆ دووشەم هەڵبژاردەی عێراق سەعات 9ی شەو بەكاتی كوردستان رووبەڕووی هەڵبژاردەی سعوودییە دەبێتەوە لە پاڵەوانییەتی چوارینەی ناودەوڵەتی (سوپەر كلاسیكۆ) كە هەڵبژاردەی سعوودییە مێوانداری دەكات و هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و بەڕازیلیش تێیدا بەشدارن.

یارییەكە لەنێو یاریگەی زانكۆی مەلیك سعوودی وەرزشی لە شاری ریازی پایەتەختی سعوودییە بەڕێوەدەچێت.

پێش ئەم یارییە، هەڵبژاردەی عێراق رۆژی پێنجشەمی رابردوو لە یەكەم یاریی پاڵەوانیەتییەكەدا بە 4 گۆڵی بێ وەڵام بەرامبەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دۆڕا بوو، هەروەها هەڵبژاردەی سعوودییەش بە 2 گۆڵی خاوێن بەرامبەر هەڵبژاردەی بەڕازیل دۆڕا بوو.

لای خۆییەوە سریچكۆ كاتانیتس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق رایگەیاندبوو كە سەرجەم یاریزانەكانی تیپەكەی بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودییە ئامادەن.

لە كۆنگرەی رۆژنامەوانی یارییەكەدا راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق جەختی كردبووەوە كە لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بە شێواز و پێكهاتەیەكی جیاواز دەبینن و دڵنیایە دەتوانن سەركەوتن بەدەست بێنن.

كاتانیتس راشی گەیاندبوو كە تا ئێستا بەفەرمی دوو یاریی لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق ئەنجامداوە و یارییەكەی ئەمڕۆش بەرامبەر هەڵبژاردەی سعوودییە دەبێتە سێیەم یاریی، جەختیشی كردەوە كە تا ئێستا تاقیكردنەوەی زیاتر بە یاریزانەكانی دەكات تا دەگاتە پێكهاتەیەكی تەواو
بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان پێشبینی دەكرێ هەڵبژاردەی عێراق لە یارییەكەی ئەمڕۆدا بە پێكهاتەی 5-4-1 یاری بكات بەمشێوەی خوارەوە:-

گۆڵپارێز: محەمەد حەمید

بەرگری: عەلا مەهاوی، مستەفا نازم، رەعد فەنەر، رێبین سۆلاقا و عەلی عەدنان

ناوەڕاست: ئەحمەد یاسین، مەهدی كامل، ئەمجەد عەتوان و حوسێن عەلی

هێرشبەر: محەمەد داود




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م