لە (وشە) قۆناغەكانی چارەسەری میسی بزانە؟

:: AM:11:09:22/10/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە دوێنێ یەكشەمەوە دەستی بە وەرگرتنی چارەسەرییەكان بۆ چاكبوونەوەی لە پێكانی شكانی قۆڵییەوە وەرگرتووە و پێشبینیش دەكرێ ماوەی 3 هەفتە بەتەواوی بۆ یاریكردن ئامادەبێتەوە.

میسی پێرێ شەموو لە یارییەكەی گەڕی نۆیەمی خولی ئیسپانیا لەنێوان بەرشەلۆنە و سڤیلییە (4-2) لەنێو یاریگەی كامپ نوو تووشی پێكانی شكانی قۆڵی هات، رۆژی دواتر یانە كەتەلۆنییەكە ئاشكرای كرد كە بۆ چاكبوونەوەی كاپتنەكەیان پێویستیان بە 3 هەفتە هەیە.

لە رۆژنامەی (وشە)ەوە قۆناغەكانی چارەسەری میسی بۆ هەوادارانی یانەی بەرشەلۆنە دەخەینەڕوو.

میسی لە دوێنێ یەكشەمەوە دەستی بە وەرگرتنی چارەسەرییەكان كردووە و پزیشكەكانی یانەی بەرشەلۆنە بەهەموو شێوەیەك پەلە دەكەن بۆ ئەوەی كرداری چاكبوونەوەكەی خێرا بكەن.

میسی بۆ ماوەی 10 تا 15 رۆژ لەفافی بە دەستییەوە دەبێت، بەڵام پزیشكەكان لەم ماوەیەدا دەستەوسان نابن و بەردەوام هەوڵ دەدەن كرداری چارەسەرییەكانی ئەم ئەستێرەیان خێراتر بكەن بۆ ئەوەی بە یارییەكەی یانەی ئینتەر میلان رابگا كە بڕیارە رۆژی 6ی مانگی داهاتوو لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بێتە ئەنجامدان.

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان: لە ماوەی چوار رۆژی یەكەمی چارەسەرییەكاندا شوێنی پێكانەكەی میسی بە كرداری ساركردنەوە چارەسەر دەكرێ بۆ ئەوەی سەرەتا ئازارەكانی كەمتر بێتەوە، هەر لەم وادەیەشدا چارەسەری سروشتی بۆ قۆڵ و دەستی دەكرێ تا ماسوولكەكانی هێز لەدەست نەدەن.

دوای چوار رۆژەكە میسی دەچێتە قۆناغێكی ترەوە و وەرزش بەدەستەكانی دەكات، سەرەتا بە دەستەكانی بەهێواشی لاستیك رادەكێشی، دواتر بەدەست شناو و بەرزكردنەوەی جەستە ئەنجام دەدات.

دوای ئەم قۆناغەش مەشق و راهێنانەكان بۆ گەڕانەوەی توانای جەستەیی دەست پێ دەكات و سەرەتا بۆ ماوەی دوو رۆژ میسی بە تەنیا ئەم كارە دەكات و دواجاریش بەشێوەیەكی ئاسایی لەگەڵ هاوڕێكانی مەشق و راهێنانی كۆمەڵەیی ئەنجام دەداتەوە.

ئەمە لە كاتێكدایە كە پزیشكەكانی یانەی بەرشەلۆنە بەڵێنیانداوە لە ماوەی تەنیا 2 هەفتەدا بەتەواوی میسی ئامادە بكەنەوە بۆ یاریكردن و لە هەفتەی سێیەمیشدا بەشێوەیەكی ئاسایی بێهێننەوە ناو یاریگە بەهەمان ئاست و توانای جارانی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م