ماڵی ماملێ، ماڵێكی هه‌میشه ئاوه‌دانی هونه‌رمه‌ندان و رۆشنبیران و گه‌نجانه و ماوه‌ی دوو ساڵه له قه‌ڵادزێ دامه‌زراوه. ئه‌و ماڵه رێوڕه‌سم و چالاكییه جۆراوجۆره‌كانی لێ رێك ده‌خه‌ن، له نه‌بوونی سه‌نته‌رێكی رۆشنبیری له ناوچه‌كه‌دا، گه‌نجان كاته‌كانیان له‌وێدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن. خاوه‌نی ماڵه‌كه‌ش باس له‌وه ده‌كات كه خۆشه‌ویستی بۆ هونه‌رمه‌ندی كۆچكردوو محه‌مه‌دی ماملێ، وای كردووه ماڵه‌كه به ناوی محه‌مه‌دی ماملێ بكرێت.
خدر محه‌مه‌د خاوه‌نی ماڵی ماملێ بۆ "وشه" گوتی، له بۆشایی سه‌نته‌رێكی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری له ناوچه‌كه‌دا، كردنه‌وه‌ی ماڵی ماملێیان به پێویست زانی و دامه‌زراندنی ئه‌م بنكه رۆشنبیرییانه‌ش رێخۆشكه‌رن بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی گه‌نجان.
زیاتر گوتی, له ناوچه‌كه‌دا هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ كاریگه‌ریی ته‌واوی هه‌یه و ئه‌م ماڵه‌ش وای كردووه پێگه و به‌رهه‌مه‌كانی ماملێ له‌ناو هه‌وادارانی به زیندوویی بمێنێته‌وه.
خاوه‌نی ماڵی ماملێ باسی له‌وه‌ش كرد كه له‌م ماڵه‌دا شه‌وانیش به یارییه كورده‌وارییه‌كان به‌ڕێ ده‌كه‌ن، به‌م كاره‌یان ده‌بنه هۆی ده‌ركردنی ماندوویی له له‌شی هاووڵاتییان. ده‌ڵێ "ده‌مانه‌وێ له‌رێی ئه‌نجامدانی ئه‌م چالاكییانه‌وه په‌ره به زیندووكردنه‌وه‌ی كولتووری كوردی بده‌ین، به ئه‌نجامدانی ئه‌م یارییه كورده‌وارییانه، كولتوور و یارییه كورده‌وارییه‌كان له مه‌ترسیی له‌ناوچوون بپارێزین."
له ماڵی ماملێ به‌ده‌ر له رێوڕه‌سم و كۆڕی شیعری و چالاكییه ئه‌ده‌بی و هونه‌رییه‌كان، هه‌ندێك جار كۆڕی جیاواز پێك ده‌هێنن و به قسه‌ی نه‌سته‌ق و گێڕانه‌وه‌ی نوكته و به‌سه‌رهات و گۆرانی له نێوان رێكخراو و گرووپه‌كانی ناوچه‌كه‌دا، كاتێكی خۆش به‌سه‌ر ده‌به‌ن.
دڵنیا نادر یه‌كێكه له‌و گه‌نجانه‌ی كه رۆژانه سه‌ردانی ماڵی ماملێ ده‌كات. ئه‌و له‌باره‌ی ماڵه‌كه بۆ "وشه" گوتی، "كردنه‌وه‌ی ماڵی ماملێ بۆشایییه‌كی گه‌وره‌ی لای گه‌نجانی شاره‌كه پڕ كردووه‌ته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی شوێنێكی له‌م جۆره یه‌كه‌مین جاره له سنووره‌كه‌یان ده‌كرێته‌وه بۆ خزمه‌تی خێزان و گه‌نجان و رۆژانه‌ش كاتی تێدا به‌سه‌ر ده‌به‌ن و بۆنه و رێوڕه‌سمه‌كانی خۆیانی لێ رێك ده‌خه‌ن.
محه‌مه‌دی ماملێ له ساڵی 1925 له شاری مه‌هاباد له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له دایك بووه. له ساڵی 1938 یه‌كه‌مین به‌رهه‌می گۆرانی به ناوی "رۆی به‌جێی هێشتم" تۆمار كردووه.
قه‌ڵادزێ ناوچه‌یه‌كی هاوسنووره له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆی دروستبوونی تێكه‌ڵاوی له كولتووری شاره‌كانی سه‌رده‌شت و مه‌هاباد، بۆیه له شارۆكه‌كه‌دا ماڵێَك به‌ناوی هونه‌رمه‌ند محه‌مه‌دی ماملێ كراوه‌ته‌وه.
وشه/ راپه‌ڕین- شادان به‌كر