عەلی گوڵپی: گۆرانیی هەورامی كز بووە و گەنجەكان ناتوانن سیاچەمانە بڵێنەوە

:: AM:09:46:19/12/2016 ‌

عەلی محەمەد كاكەخان ناسراو بە "عەلی گوڵپی" كە لە دایكبووی ساڵی 1941ی گوندی گوڵپیی ناوچەی هەورامانە. لە منداڵییەوە ئەیلوول خولیای گۆرانی بووە. تا ئێستە زیاتر لە هەزار نەواری گۆرانی تۆمار كردووە، جگە لە گێڕانی بۆنە و زەماوەند لە گوند و شارەكان خێزاندارە. لەم دیمانەیەی "وشە"دا بە وەڵامی پرسیارەكان، زیاتر ئاشنا دەبن بە مێژوو و خەباتی هونەری و پێشمەرگایەتی ئەو هونەرمەندە.

وەك دەستپێكێك باس لە ژیانی هونەری و دنیای گۆرانییەكانت بكەیت؟ 
ساڵی 1941 لە گوندی گوڵپ لە هەورامان لە دایك بووم، لە سەرەتای لاوێتیدا دەستم كرد بە گۆرانی چڕین كردووە و لە ساڵی 1956 دوای ساڵێك لە بەردەوامی گۆرانیوتن، لە ساڵی 1957 شایی و زەماوەندم گێڕا، ئیتر ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر خەڵك دەیانناسیم و بانگیان دەكردم بۆ زەماوەند لە ناوچەی هەورامان و دواتر لە شۆڕشیشدا هەر بەردەوام بووم.

كێ بوون ئەوانەی لەو سەردەمەدا گۆرانییان لەگەڵ تۆ دەگوت؟ 
سەرەتا كەسێكی وا نەبوو لە ناوچەكە تەنیا خۆم بووم، دوای ماوەیەك هونەرمەند عوسمان كێمنەیی كە لای خەڵك بە عوسمان هەورامی ناسراوە، هاتە باشووری كوردستان چونكە ئەو خەڵكی كوردستانی ئێرانە. ئیتر ئاهەنگەكانمان بە یەكەوە دەگێڕا و خەڵك بانگی دەكردین بۆ شایی و زەماوەند.



باسی شۆڕشت كرد، مەبەست شۆڕشی ئەیلوولە و چۆن بووی بە پێشمەرگە و كەی بوو؟
ساڵی 1960 ناوم دەرچوو بۆ سەربازی و بانگ كرام دوای ئەوەی زیاتر لە ساڵێك لە سەربازی مامەوە، شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێ كرد، منیش بە دەرفەتم زانی هەڵهاتم و پێوەندیم كرد بە شۆڕشەوە لە ڕِێگەی مامۆستا شێخ حەمەئەمین شێخ عەبدوڵا كە بەرپرسی یەكەمی شۆڕش بوو لە ناوچەی هەورامان. خەڵك ئومێدی زۆر بە شۆڕش نەبوو، بەڵام ئێمە بەردەوام بووین، دوای ماوەیەك كە شەهید حەمەگوڵپی مەخفەری سۆسەكانی دا بەدەست شۆڕشەوە، بووم بە پێشمەرگە، من و شەهید عەلی شیعە و شێخ جەلال و عەلی كوڕ لە پەلی حەمە گوڵپی بووین.

لە ژیانی پێشمەرگایەتی دا بارزانی نەمرت بینی؟ 
بەداخەوە بە خزمەتی نەگەیشتم، بەڵام خوالێخۆشبوو كاك ئیدریس و كاك مەسعوود بارزانیم بینی.

یادەوەرییەكی خۆشی گۆرانیت لە یاد ماوە لە سەردەمی شۆڕشدا؟ 
ساڵی 1970 بوو كە بەیانی 11 ئادار دەرچوو، بەو بۆنەیەوە شۆڕش لە خورماڵ ئاهەنگێكی گەورەی ساز كرد. من و هونەرمەند عوسمان هەورامی بانگێشت كراین بۆ ئاهەنگەكە و خەڵكێكی زۆر لە هەڵەبجە و هەورامان و شارەزوورەوە هاتبوون، ئێمە گۆرانیمان گوت و خەڵك هەڵپەڕین. دیمەنێكی خۆش و جوان بوو، ئەوساتە خەڵك دڵخۆش بوون بە ڕێككەوتنەكە و گۆرانییەكانی ئێمە . 



چەند بەرهەمی تۆماركراوت هەیە؟ 
زیاتر لە هەزار نەوارم لەگەڵ عوسمان هەورامی تۆمار كردووە، چونكە سەرەتا هەر من و كاك عوسمان بووین گۆرانیمان دەگوت، بەڵام بەداخەوە بەهۆی شەڕی عێراق و ماڵوێرانی و كیمیابارانی هەڵەبجە، نەوار و تۆماری گۆرانییەكانمان لەناو چوون.

بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن هیچ كلیپت هەبووە؟
وەك كلیپ نەخێر، بەڵام ساڵی 1970 ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەغداد داوایان كردم، ئەوكات خوالێخۆشبوو حاجی مەكی هونەرمەند هات بە شوێنماندا لە بیارە بووین، چووینە رادیۆی بەغدا و لە شەو ڕۆژێكدا 12 نەوار گۆرانیم تۆمار كرد لەگەڵ كاك عوسمان پێكەوە. لە دوای ڕاپەرین لە نەوەتەكانیش لە هەولێر بۆ تەلەڤزیۆنەكانی كوردستان تیڤی و زاگرۆس و هەندێكی تر گۆرانیم گوتووە لەگەڵ كاك سەباح هەورامیی خوالێخۆشبوو. 

تا كوێ ڕۆیشتووی یاخۆ لە چ شوێنێكەوە بانگهێشت كراوی بۆ ئاهەنگ؟ 
 لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستانەوە بانگهێشت كراوم و ئاهەنگ و زەماوەندم گێڕاوە. لە كوردستانی باشوور تا هەولێر و كەركووك و سلێمانی و گەرمیان رۆیشتووم بۆ گۆرانیگوتن و لە ڕۆژهەڵات لە سنە و مەریوان و زۆر شوێن گۆرانیم گوتووە.

گۆرانیی هەورامی چەند جۆری هەیە؟ 
گۆرانی هەورامی زۆر جۆری هەیە و دەتوانم بڵێم لە ژماردن نایەت، تەنیا سیاچەمانە زیاتر لە 20 جۆری هەیە .



زیاتر شارەزاییت لە چ جۆرە بەزمێكی گۆرانی هەیە؟ 
لە هەموو بەزمەكان شارەزا بووم، بەڵام ئێستە هەناسەم بۆ نایە و قوڕگم ناتەواوە، بۆیە ماوەیەكی زۆرە گۆرانی ناڵێم.

ڕاستە كە دەڵێن سیاچەمانە بە هەموو كەس ناگوترێ؟ 
بەڵێ سیاچەمانە كەسێكی دەوێت توانا و شارەزای باشی هەبێت لەو شێوازەی گۆرانیی هەورامی. دەبێت گۆانیبێژەكە قورگ و دەنگە ژێكانی و هەناسەی درێژ بن، سیاچەمانە خۆی هەم موزیكە و هەم ئاواز و گۆرانییە. 

كوڕ و نەوەكانت ڕۆیشتوونەتەوە سەر ڕێگەی تۆ؟
ئێستە كوڕەزایەكم بەناوی ڕێبین مەحموود عەلی خەریكە دەردەكەوێت و گۆرانی دەڵێت.

تا ئێستە پاداشت و ڕیزلێنانت بۆ كراوە؟ 
بەڵێ لە ساڵی 2005 لە وەزارەتی ڕۆشنبیری مووچەیەكی كەمم بۆ بڕاوەیە و وەك ڕێزلێنانی هونەرمەندان بوو، بەڵام دوای چەند ساڵێك ئەو مووچەم بڕا، چونكە مووچەی پێشمەرگایەتیم هەبوو، تا ئێستە زەویم وەرنەگرتووە و سوودمەند نەبووم. سوپاسی بەڕێوەبەری شارەدێی خورماڵ دەكەم كە ساڵی 2013 ڕێزلێنانێكی بۆ كردین لەگەڵ چوار هونەرمەندی تر. ئەمساڵیش ڕێكخراوێك ڕێزلێنانێكی بۆ كردم. 

وەسیەت و داواكاریت چیە؟ 
گۆرانیی هەورامی زۆر دەوڵەمەندە و فەرهەنگێكی گەورەی كوردە، بۆیە هەقی خۆیەتی دەزگەكانی پێوەندار بە هونەر و ڕۆشنبیری و كەناڵەكانی راگەیاندن ئاوڕ لە گۆرانی هەورامی بدەنەوە. داواكارم لەوانەی گۆرانیی هەورامی دەڵێن، ڕەسەنایەتی بپارێزن. بەداخەوە ئێستە گەنجان ناتوانن سیاچەمانە بڵێن.

وشە/ هەورامان- شەفیق بانیشاری 


وشە - تایبه‌ت