خاتوونه شێوه‌كار و په‌یكه‌رتاش به‌فرین حه‌مه‌ڕه‌شید كه له‌دایكبووی شاری سلێمانییه و ئێسته له له‌نده‌ن ده‌ژیت، ئه‌و له دیمانه‌یه‌كدا بۆ "وشــه" ده‌ڵێ، ئه‌و كاته‌ی له كوردستان بووه حه‌ز و ئاره‌زووی زۆری بۆ وێنه‌كێشان هه‌بوو، دوای چوونی بۆ ئه‌وروپا، له به‌شی وێنه‌كێشان له په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كانی له‌نده‌ن درێژه‌ی به‌خوێندن دا و ده‌یه‌وێ په‌ره به توانا و لێهاتووه‌كانی بدات و ئه‌م جاره فێری په‌یكه‌رتاشی بێت.
كه‌ی به‌ره‌و هونه‌ری وێنه‌كێشان هه‌نگاوت نا و چه‌ند تابلۆت هه‌یه؟
سه‌ره‌تای ده‌ستبردنم بۆ كاری وێنه‌كێشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ قۆناغی منداڵیم، به‌ڵام له دوای ساڵی 2009وه به‌شێوه‌ی ئه‌كادیمی خۆم فێری هونه‌ره‌كه كرد و ده‌ستم به كێشانی تابلۆ كردووه. به دیاریكراوی تا ئێسته نازانم چه‌ند تابلۆم كێشاوه، به‌ڵام زۆرم هه‌یه و چه‌ندان تابلۆیشم فرۆشراون، بۆیه نازانم ژماره‌ی ئه‌و تابلۆیانه‌ی كێشاومن چه‌ندن.
چه‌ند پێشانگه‌ی تایبه‌ت و هاوبه‌شت هه‌یه؟
تا ئێسته یه‌ك پێشانگه‌ی تایبه‌تیم هه‌یه كه له ڕۆژی ژنان له هه‌شتی مارس له ساڵی 2012 له شاری له‌نده‌ن كردمه‌وه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی كورد و چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی بیانی به هاوبه‌شی به‌شداری چه‌ند پێشانگه‌یه‌كی ترم كردووه له شاری له‌نده‌ن. ئێسته‌ش سه‌رقاڵی خۆ ئاماده‌كردنم بۆ ئه‌وه‌ی پێشانگه‌یه‌كی تر له شاری له‌نده‌ن بكه‌مه‌وه.
ئامانجت چییه و تابلۆكانت زیاتر باس له چی ده‌كه‌ن؟
ئامانجی من ته‌نیا حه‌ز و ئاره‌زووه بۆ هونه‌ر و ده‌مه‌وێ بره‌و به‌خۆم بده‌م، بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك هونه‌رمه‌ندانی دنیا ناوبانگ بۆ خۆم دروست بكه‌م. تابلۆكانیشم زیاتر باس له جوانی و ناخی ژن ده‌كه‌ن و زۆربه‌یان چیڕۆكێكیان له پشته‌وه‌یه. هه‌روه‌ها هه‌ر تابلۆیه‌ك كه ده‌یكێشم، ئه‌گه‌ر پێوه‌ندی به‌خۆمه‌وه نه‌بێت و گوزارشت له ناخم نه‌كات، نایكێشم.
له زۆربه‌ی تابلۆكانتدا ده‌ستت بۆ بابه‌تی هه‌ستیار بردووه و جه‌سته‌ی ژنانت به ڕووتی ته‌واو كێشاوه، هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و به‌شه‌ی تێیدا له ده‌ره‌وه خوێندم، زیاتر له‌سه‌ر جه‌سته بوو. هه‌روه‌ها پێشاندانی جه‌سته‌ی ژن به‌ڕووتی، مه‌به‌ست لێی ڕۆمانسییه‌ت نیه، به‌ڵكو ته‌نیا هونه‌رێكه و پێشانی ده‌ده‌م. تا ئاستێكیش به‌هۆی ئه‌و بابه‌ته هه‌ستیارانه‌ی كه ده‌ستم بۆ بردوون، ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه و قسه‌ی نه‌شیاو بوومه‌ته‌وه، به‌ڵام كاریگه‌ری له‌سه‌ر دروست نه‌كردووم و له هونه‌ره‌كه‌م ساردی نهكردوومهتهوه.
هه‌وڵت داوه سوود له به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگ ببینی؟
بێگومان سوودی زۆرم له به‌رهه‌می هونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگ و ناسراوی جیهانی و ته‌نانه‌ت هونه‌رمه‌ندانی به‌ناوبانگی كوردیش بینیوه، به‌تایبه‌تی ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه‌ی له‌سه‌ر جه‌سته‌ی مرۆڤ وێنه ده‌كێشن.
به كام له هونه‌رمه‌ندانی كورد و جیهانی سه‌رسامیت؟
له كوردستان زۆر سه‌رسامم به هونه‌رمه‌ندی په‌یكه‌رتاش دارا حه‌مه‌سه‌عید كه مامی خۆشه‌ویستمه و حه‌ز و ئاره‌زووه‌كانم بۆ هونه‌ر له‌وه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا. هه‌روه‌ها له هونه‌رمه‌ندانی جیهانی، زۆر سه‌رسامم به هه‌ردوو شێوه‌كاری به‌ناوبانگ ڤانگۆ و فه‌ریده پابلۆ.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی شاره‌زاییت له هه‌ردوو هونه‌ری وێنه‌كێشان و په‌یكه‌رتاشیدا هه‌یه، خۆشه‌ویستیت بۆ كامیان زیاتره؟
خۆشه‌ویستیم زیاتر بۆ هونه‌ری په‌یكه‌رسازی هه‌یه، هه‌رچه‌نده تا ئێسته زیاتر گرنگیم به شێوه‌كاری داوه، چونكه په‌یكه‌رسازی پێویستی به‌ڕێ و جێی باش هه‌یه و تا ئێسته نه‌متوانیوه شوێنێكی تایبه‌ت بۆ ئه‌و هونه‌ره‌م دابین بكه‌م، به‌ڵام له داهاتوودا هه‌وڵ ده‌ده‌م شوێن و جێی باشی بۆ دابین بكه‌م و كاتی زیاتری بۆ ته‌رخان بكه‌م.
هونه‌ری وێنه‌كێشان و په‌یكه‌رتاشی تا چه‌ند پێوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه و مه‌رجه تایبه‌تمه‌ندیی هه‌ردوو هونه‌ره‌كه له شێوه‌كاران و پهیكهرتاشهكاندا هه‌بێت؟
مه‌رج نییه هه‌موو شێوه‌كارێك په‌یكه‌رتاش بێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه مه‌رج نییه هه‌موو په‌یكه‌رتاشێك بتوانێ وێنه‌كێش بێت، واته هونه‌ره‌كه دوو شتی جیاوازن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بتوانی وێنه‌كێش بیت، له‌وانه‌یه له پهیكهرسازیشدا كه‌سێكی سه‌ركه‌وتوو بیت، ئه‌ویش به‌و مه‌رجه‌ی شاره‌زای هه‌ردوو هونه‌ره‌كه بیت.
جگه له‌م دوو هونه‌ره، ڕۆژانه به چ كارێكی تره‌وه سه‌رقاڵی؟
جگه له‌م دوو هونه‌ره، ڕۆژانه سه‌رقاڵم به كاری "شیف"، واته خواردنی ئه‌وروپی و چه‌ند وڵاتێكی تر دروست ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها قوتابخانه‌ی كوردی هه‌یه، ڕۆژانی شه‌موو و یه‌كشه‌م وانه‌ی هونه‌ری "Art” ده‌ڵێمه‌وه بۆ منداڵانی كورد له له‌نده‌ن.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال