لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان مامۆستایەك دەستدرێژی سێكسی دەكاتە سەر كچە قوتابییەكی خۆی كە پۆلی پێنجە.
ئەمڕۆ دووشەم پێنجی تشرینی دووەم، ڕێكخراوی هەنگاو بۆ داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، لەگەڵ ڕۆژی قوتابی لە ئێراندا، مامۆستای قوتابخانەی یەكێك لە گوندەكانی شاری سونقوڕ سەر بە پارێزگای كرماشان، دەستدرێژی كردووەتە سەر كچێكی قوتابیی ئەو قوتابخانەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە هەواڵەكەدا هاتووە دوێنێ یەكشەم مامۆستای قوتابخانەی گوندی ”شەمسەك" سەر بە شاری سونقوڕ لە پارێزگای كرماشان، دەستدرێژی كردووەتە سەر كچە قوتابییەكی تەمەن ١٢ ساڵ كە لە پۆلی پێنجەمی ئەو قوتابخانەیە و سەرقاڵی خوێندن بووە.
ئاشكرای كردووە، قوتابییانی ئەو قوتابخانەیە دوای ئەوە زانیویانە كە مامۆستاكە ئەو كچە تەمەن ١٢ ساڵەی ڕاگرتووە، گەڕاونەتەوە بۆ ناو پۆلەكە بینیویانە كە خەریكە ئازاری دەدات و دەستدرێژی دەكاتە سەری.
بنەماڵەی قوتابییەكانی ئەو قوتابخانەیە دوای ئاگەداربوونی ئەو كارەی مامۆستاكە، سكاڵایان كردووە، بەڵام تائێستە نە ئیدارەی پەروەردەی سونقوڕ و نە ئیدارەی پەروەردەی كرماشان نە لەبارەی ئەو هەواڵە و نە لەبارەی سكاڵای بنەماڵەی ئەو قوتابییانە، هیچ دژكردەوەیەكیان نەبووە. لە هەواڵەكەی ڕێكخراوی هەنگاودا هاتووە.