هونه‌رمه‌نده كورده‌كانی شاری كه‌ركووك به نوێنه‌رایه‌تی كوردستان و عێراق بڕیاره له چوارچێوه‌ی فێستیڤاڵی شانۆی ئوردن له رۆژی 12ی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ر، سه‌عات هه‌شتی شه‌و به‌شداری بكه‌ن و به‌رهه‌مه‌كه‌یان نمایش بكه‌ن.
شانۆیی كورسییه‌كان وه‌ك تاكه نوێنه‌ری عێراق به فه‌رمی به‌شداریی فێستیڤاڵی شانۆی ئوردن ده‌كات، كه سه‌رجه‌میان پێكهاتوون له شانۆكار و هونه‌رمه‌ندانی خه‌ڵكی شاری كه‌ركووك و ئێسته ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی عێراق ده‌كه‌ن له شانۆكاری.
نه‌ژاد نه‌جم ده‌رهێنه‌ری شانۆیی كورسییه‌كان، له‌باره‌ی به‌شداریكردنیان له‌و فێستیڤاڵه‌دا له پێگه‌ی تایبه‌تی خۆیی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك له پۆستێكدا نووسیویه‌تی: " پاش ئه‌وه‌ی فۆڕمی به‌شداریكردنمان له فێستیڤاڵه‌كه پڕكرده‌وه ڤیدیۆی نمایشه‌كه‌مان نارد بۆ لیژنه‌ی بینین و وه‌رگرتنی به‌رهه‌مه‌كان، به‌خۆشحاڵییه‌وه به‌رهه‌مه‌كه‌مان له‌لایه‌ن لیژنه‌ی فێستیڤاڵه‌وه قبووڵكرا بۆ به‌شداریكردن له فێستیڤاڵه‌كه، هاوشانی گرووپه‌كانی كوه‌یت و ئوردن و میسر و تونس و عه‌مان".
شانۆیی كورسییه‌كان به‌رهه‌می "گروپی شانۆی هه‌وار"ه له شاری كه‌ركووك، ناوه‌رۆكی شانۆییه‌كه باس له جیاوازی بۆچوون و كێشه‌ی تاك ده‌كات له‌كۆمه‌ڵگه‌دا، هه‌موو ئه‌و ناشیرینی و قێزه‌ونیانه ده‌خاته‌ڕوو كه بوونه‌ته هۆی نائارامی و بێهوده‌یی، له ده‌قێكی جیهانییه‌وه وه‌رگیراوه و باس له دوای جه‌نگی دووه‌می دنیا ده‌كات كه له‌وكاته‌دا ھیچ ئارامی نه‌ماوه له ژیان.