قارەمان مەمەند
هەڵبژاردنەکانی وەرزی ناوەڕاستی ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمهریكا- دەکرێ بە شەپۆلی شین یان سوور ناو بنرێ، لەسەر بنەمانی دەرەنجامەکانی هەڵبژاردنەکەوە.
هەڵبژاردنەکە، بۆ ٣٥ ئەندامى سینات- ئەنجوومەنی پیران، ٣٩ حاكمى ویلایەتەكان و ٤٣٥ ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەران. هەروەها لە کۆی ٩٩ ئەنجوومەنی یاسادانا- نوێنەران و سینات لەسەر ئاستی ویلایەتەکان ٨٩ دانەیان هەڵدەبژێردرێنەوە، کە کۆی هەمووی دەکاتە شەش هەزار 69 کورسی. لهگهڵ ١٥٧ پڕۆژەی یاسایی لە ٣٤ ویلایەتدا دەخرێتە دەنگدانەوە، لە بوارەکانی باج، مادەی هۆشبەر، بیمەی تەندروستی، پەروەردە و مافە مەدەنی و سیاسییەکان و..هتد.
دیموکراتەکان دەیانەوێ كۆنتڕۆڵى، سینات (ئەنجوومەنى پیرانى ئەمهریكا) بكەن، بە بەدەستهێنانى تەنیا دوو كورسى تر بۆ ئەوەى ژمارەى كورسییەكانیان ببێت بە ٥١ كورسى، لە ڕووی مێژووییەوە لە ئەمهریكا ڕوودانی ئەمە زەحمەتە، چونکە چوار ساڵە ئەوە ڕووی نەداوە و هەروەها کۆمارییەکان زۆربەی کات سەرکەوتوو بوونە لە کۆنترۆڵکردنی سینات.
دیموکراتەکان دەیانەوێ بە کۆنتڕۆلکردنی ئەنجوومەنى پیرانى ئەمهریکا، ئاڵۆزى بۆ تڕهمپ لە ماوەى دوو ساڵى داهاتووى لە ئۆفیسەكەى دروست بكەن، چونکە ئەنجوومەنى پیران بۆ سەرۆکی ئەمهریکا زۆر گرینگە، لە پڕۆسەی پێڕهوکردنی سیاسەتی دەرەوەیدا، بە تایبەتی لە ڕێگای لیژنە گرینگەکانی، وەک لیژنەی پێوەندییە دەرەکییەکان و لیژنەی هەواڵگری، ئەم دوو لیژنەیە ئێسته نزیک و هاریکاری ترەمپن لە سیاسەتەکانیدا.
سەرەڕای هەموو ئەم وردەکاری و پرسانەی كە هەڵبژاردنی بۆ دەکرێ لەسەر ئاستی فیدڕاڵی و ویلایەتەیکان و شارەکاندا، دواجار ئەم هەڵبژاردنە بە ڕیفراندۆم لەسەر کارو و ڕیژەی دەنگەکانی سەرۆکی ئەمهریکا دادەنرێ. وەک چۆن لە قوتابخانەکاندا خوێندکار هەڵسەندگاندن و تاقیکردنەوەی وەرزی و نیوەی ساڵیان بۆ ئەنجام دەدرێ، بەم چەشنە سەرۆکی ئەمهریکا لە بەردەوم تاقیکردەنەوەیەکی گەورەدایە لە هەڵبژاردنی وەرزی ناوەڕاستی ویلایەتە یەكگرتووەكانى ئەمهریكا بۆ ساڵی ٢٠١٨دا.
ئەمهریكاییهكان، پێیان وایە کۆمەڵگای ئەمهریکی دووچاری کێشەیەکی قووڵ بووە و دابڕاون لە یەکتری و کەوتوونەتە ناو ململانێیەکی سیاسی و ڕەگەزی و چینایەتی وەها، کە مەترسی لەسەر پرسە نیشتمانی و چارەنووسسازەکانی وڵاتهكهیان دروست کردووە. پرسە سیاسییەكان لە ئەنجامى ململانێى كۆمارى و دیموكراتەكان بە چەقبەستن گەیشتووە. بۆیە هەموو پێشهاتەكان بەرەو ئەوەیە كە ئەمهریكاییەكان زیاتر بەلای دیموکراتەکان لەم هەڵبژاردنەکانی وەرزییەدا دەنگ بدەن، بە ئاراستەىى ئەوەى شڵەژان لە واشینتۆن دروست بكەن و تەكان بە پڕۆسەى سیاسى بدەن. سەرەڕای ئەوەی لە كاتێكدا دەرفەتى كار هێشتا لە ئاستێكى بەرزدایە و ئابوورى بە شێوەیەكى بەرچاو گەشەى كردووە كە لە بەرژەوەندى هەموو چینەکاندایە.
لە ڕووی جیۆگرافییەوە، دیموکراتەکان چاویان بڕیووەتە ئەوەی سەرجەم ئەو ٢٥ ناوچە کە لە ڕووی مێژووییەوە کۆماری بوون، بەڵام دەنگیان بە هیلاری دا لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی ٢٠١٦، جارێكی تر دەنگ بدەنەوە بە دیموکراتەکان. هەروەها لە ناوچە دوورەدەست و شوێنەکانی دوور لە سەنتەری شارە گەورەکان، ژمارەی ژنی خوێندەوار و پێشکەوتنخواز بەڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە- ئەوان گرینگی بەو پرسانە دەدەن کە دیموکراتەکان کاری لەسەر دەکەن، وەک پەروەردە، کۆچبەریی، پرسی لە باربردنی منداڵ و بیمەی تەندروستی..هتد.
هەروەها ژمارەی ئەو ژنانهی لە هەموو ئاستەکانی فیدڕاڵی و ویلایەتەیکان و شارەکاندا خۆیان هەڵبژاردووە، ژمارەیەکی پێوانەیی و مەزنە لە ڕووی مێژووییەوە، یەکەم جارە ئەوە ڕووب دا و ئەمەش هەر لە قازانجی دیموکراتەکانە. چونکە بۆ یەکەمجار ڕەگەز و نەتەوەکانی تری ناو ئەمهریکا ڕێژەیەکی بەرچێو لە نوێنەریان هەیە بۆ ئەو هەلبژاردنە، بەتایبەتی دانیشتوانی ڕەشپێست، لاتین، ئاسیایی- تەنانەت بە جۆرێک، چاوەڕوان دەکرێ بۆ یەکەمجار خاتوونێكی مسوڵمانی ئەمهریکایی ببێت بە ئەندامی کۆنگرێس لە مێژووی وڵاتهكهدا.
لە ئۆهایۆ. جۆن کایسکی حاکمی ویلایەتەکە گۆڕەپانەکەی جێهێشتووە. لە تەکساس بیتۆی دیموکرات بووە بە ڕکابەرێكی سەرەکی تێد کرۆز- بەهێزترین سیاسەتوانی کۆمارییەکان لە ئەمهریکادا، ئومێدی بردەنەوەی لای دیموکراتەکان دروست کردووە- هەرچەندە لە ڕووی مێژوویەوە، لە تەکساس، ئەمە مەحاڵە ڕووب دا. لە ویلایەتی ئیندیانا هەڵبژاردن دوو کاژێر زووتر تەواو دەبێ، دیموکراتەکان لە هەواڵی ئەوەدان لەو ویلایەتەوە یەکەم تەپڵێ سەرکەوتن لێ بدەن.
لە پەنسلڤانییا، دیموکراتەکان لە هەوڵی بەدەستخستنی چوار تا شەش کورسیدان. هەروەها لە ویلایەتی نێوجەرسی بە ئومێدی بەدەستهێنانی چوار کورسی ترن. هەرچەندە لە ویلایەتی وێسکانس- کۆمارییەکان زۆر بەهێزن لە ڕووی ڕێکخراوەیی، پارە، دەنگ و چالاکی سیاسییەوە، بەڵام هێشتا چێوەڕێ دەکرێ شتێکی چاوەڕواننەکراو ڕوو بدات بۆ هەڵکشانی دەنگی دیموکراتەکان. سەرەرای کاریگەری سکۆت واڵکەری کۆماری و حاکمی ویلایەتەکە لەسەر پرسی هەڵبژاردن.
لە ویلایەتی نیوهامشایەر، ململانێیەکی سەخت هەیە لە نێوان کرێس پاپێسی دیموکرات و ئەدی ئەدوارسی کۆماری.
لە ویلایەتی ڤێرجینییا، ململانێکە بەشێوەیهکی ترە، باربرای کۆماری و جێنێفەری دیموکراتی بەشێوەیەکی زۆر جوان و پەسەندکراو کامپەین دەکەن و جیاوازییەکانییان بەڕێزەوه دەخەنە ڕوو، بەشێوەیەک بووهتە جێی تێڕامان و پێزانین لە ئەمهریکا.
ویلایەتی فلۆریدا، ئێسته خاوەنی ٢٧ کورسییە لە ئەنجوومەنی نوێنەران. ژمارەی دانیشتوان و هەروەها فرەڕەگەزی پێکهاتە و دانیشتوانەکەی، بایەخێکی یەکجار گەورە و یەکلاکەرەوەی هەیە، بە جۆرێک ململانێییەکی یەکجار سەخت هەیە، لە نێوان دیموکرات و کۆمارییەکان بۆ بردنەوەی زۆرترین کورسی ئەو ویلایەتە.
کالیفۆرنیای ویلایەتە زەبەلاح و هەرە دەوڵەمەندەکە، ٥٣ کورسی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، کە ٣٩ کورسی لەلایەن دیموکراتەکانەوەیە- ویلایەتێکی یەکلابووەوەیه بۆ دیموکراتەکان. بەڵام کالیفۆرنیا، سێ کاژێر جیاوازی کاتی هەیە لەگەڵ واشینتۆنی پایتەخت، هەروەها ڕێژەیەکی یەکجار زۆر بە ڕێگای پۆست دەنگ دەدەن لە کالیفۆرنیا، بۆیە دەکرێ ئەم شەوی هەڵبژاردنە، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمهریکا سەر بنێنە سەر جێگا و بخەون، بەر لەوەی دوا ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بزانن، یاخۆ دەبێ قاوەیەکی زۆر بخۆن بۆ ئەوەی شەونخونی بکەن به دیار ئەنجامە بەراییەکانهوه. لەوانەیە ئەنجامی کۆتایی چەند ڕۆژێکی پێبچێ.
پێدەچێ، لە ماوەی 50 ساڵی ڕابردوودا ئەمە هەڵبژاردنێکی پێوانەیی و بێوێنە بێ، لە ڕووی ڕێژەی بەشداریکردنەوە- پێشبینی دەکرێ ڕێژەی بەشداریی لە نێوان سەدا 45 تا 55 بێ. بەڵام، خەڵک نیگەرانی زۆریان هەیە لهبارهی شێوازی کامپەینی هەڵبژاردنەکە، بە جۆریک پرسە گرینگەکان لەبیر کراون، تەنیا باس و خواستی ململانێی کۆماری و دیموکراتەکان دەبیسرێ. لەوەش زیاتر دۆناڵد ترەمپ توانیویەتی کلێچەکەی خۆی باش سوور بکاتەوە لە فڕنەکەدا، پەیامی هەڵبژاردن لەوەدا کورت بکاتەوە کە ئەو هەڵبژاردنە سەبارەت "بە منە منیش واتا ئەمهریکا".