خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.. بەرشەلۆنە بەفەرمی گەیشتە قۆناغی 16

:: AM:08:54:07/11/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دوای یەكسانبوونی لەگەڵ یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی، شەوی رابردوو بەفەرمی خۆی گەیاندە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

دوێنێ سێشەم بەفەرمی ركابەرییەكانی گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەستی پێ كرد و تێیدا یانەی بەرشەلۆنە لە گرووپی دووەم لەنێو یاریگەی جۆسیپی میاتزا بووە مێوانی ئینتەر میلان.

لە گێمی یەكەمدا و تا خولەكانی كۆتایی گێمی دووەم هەردوو یانەكە بەبێ گۆڵ یەكسان ببوون، بەڵام لە خولەكی 83 یاریزانی لاوی بەڕازیلی مالكۆم هاتە نێو یاریگە و لەیەكەم بەركەوتنی تۆپدا گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆمار كرد.

دوای ئەم گۆڵە زۆری پێ نەچوو و لە خولەكی 87 هێرشبەری و ئەستێرەی ئەرجەنتینی ماورۆ ئیكاردی گۆڵی یەكسانبوونەوەی بۆ یانەی ئینتەر میلان تۆمار كردەوە.

بەم یەكسانبوونە یانەی بەرشەلۆنە ژمارەی خاڵەكانی بۆ 10 بەرز كردەوە و بەفەرمی بووە یەكێك لەو یانانەی گەیشتنی بە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مسۆگەر بكات، یانەی ئینتەر میلانیش ژمارەی خاڵەكانی بۆ 7 بەرز كردەوە.

هەر لە گرووپی دووەمدا یانەی تۆتنهامی ئینگلیزی لەنێو یاریگە نوێیەكەی وایت هارت لین سەركەوتنێكی گەورەی بەسەر یانەی ئایندهۆڤنی هۆڵەندی تۆمار كرد و بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ یارییەكەی لێ بردەوە.

بەم سەركەوتنە یانەی تۆتنهام ژمارەی خاڵەكانی بۆ 4 خاڵ بەرز كردەوە و هەر لە ریزبەندی سێیەمی یانەكان مایەوە، یانەی ئایندهۆڤنیش بە خاڵێك لە ریزی كۆتایی و چوارەم مایەوە.

ئەنجامی یارییەكانی تری شەوی رابردووی گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بەمشێوەی خوارەوە بوون:-

مۆناكۆ (فڕەنسا) 0-4 كلۆپ بڕوج (بەلجیكا)

سرڤینا زڤیزدا (سڕبی) 2-0 لێڤەرپوول (ئینگلتەڕا)

ئەتلەتیكۆ مەدرید (ئیسپانیا) 2-0 بڕووسیا دۆرتمۆند (ئەڵمانیا)

ناپۆلی (ئیتاڵیا) 1-1 پاریس سان جێرمان (فڕەنسا)

شالكە (ئەڵمانیا) 2-0 گەلەتەسەڕای (توركیا)

پۆرتۆ (پورتوگال) 4-1 لۆكۆمۆتیڤ مۆسكۆ (رووسیا)




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م