پۆگبا پەشیمان نییە لە جێهێشتنی یانەی یۆڤێنتۆس

:: AM:10:42:07/11/2018 ‌

پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە پەشیمان نییە ریزی یانەكەی پێشووی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی جێهێشتووە.

پۆگبا ئەمشەو دەگەڕێتەوە یانەی ئەلیانز ئەرینا و لەگەڵ هاوڕێكانی لە یانەی مانچستەر یونایتد لە گەڕی چوارەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا دەبنە مێوانی یانەی یۆڤێنتۆس.

ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆگبا كردووە و تێیدا دەڵێت: بەشێوەیەكی گشتی لە یانەی مانچستەر یونایتد دڵخۆشم، لە وەرزی یەكەمی یاریكردنمدا لەگەڵ ئەو یانەیە 3 ناسناومان بردەوە، لە وەرزی دووەمیشدا لە ریزبەندی دووەمی یانەكان بووین و گەیشتینە یاریی كۆتایی جامی ئینگلتەڕا.

لەبارەی پەیوەندییەكانی ئێستای لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی، پۆگبا رایگەیاند: تا ئێستا لە یانەی مانچستەر یونایتد یاری دەكەم و هەموومان لەم یانەیەدا دڵخۆشین، راهێنەر بڕیار دەدات كێ كاپتن بێت و كێ یاری بكات، ئەوەی لەسەر منە ئەوەیە كە یاری بكەم و هەموو توانایەكی خۆم بخەمەگەڕ بۆ سەركەوتنی تیپەكەم و یانەكەم.

سەبارەت بە جێهێشتنی یانەی یۆڤێنتۆس جەختی كردەوە: پێش هەموو شتێك بڕیاری گەڕانەوەم بۆ یانەی مانچستەر یونایتد بڕیاری خۆم بوو هەرچەندە یانەی یۆڤێنتۆس ئەو كات لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا یاری دەكرد و یانەی مانچستەر یونایتدیش لە خولی ئەوروپا، بەهیچ شێوەیەكیش پەشیمان نیم لە جێهێشتنی یانەی یۆڤێنتۆس.

زیاتر گوتی: دەزانم كە یانەی مانچستەر لەم چەند ساڵەی كەمی دواییدا ئاستی لە ترۆپكدا نەماوە، منیش بۆ ئەوە گەڕامەوە هاوكاری یانەكە بكەم بۆ دروستكردنی تیپێكی بەهێز و بەدەستهێنانی ناسناوەكان.

سەبارەت بە چوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆش بۆ یانەی یۆڤێنتۆس، پۆگبا رایگەیاند: پێموایە گرێبەستكردنی رۆناڵدۆ باشترین شت بوو بۆ یانەی یۆڤێنتۆس، ئەم ئەستێرەیە لەهەر تیپێك بێت خاڵی بەهێز دەبێت، بێگومان یاریكردن لەتەك ئەم ئەستێرانە و ئەستێرەی تریش وەك لیۆنێل میسی و نیمار دا سیلڤا هەستێكی خۆش دەبێت، بەشێوەیەكی گشتی دڵخۆشم كە ئێستا هێرشبەرێك لە ریزی یانەی یۆڤێنتۆس یاری دەكات گۆڵ تۆمار دەكات وەك ئەوەی ئاو بخواتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م