خامێس دەگەڕێتەوە یانەی ریال مەدرید

:: AM:11:36:07/11/2018 ‌

خامێس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆلۆمبی لە شێوازی ژیانی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بێزار بووە و ئاواتەخوازە لە كۆتایی ئەم وەرزەدا دووبارە بگەڕێتەوە ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.

خامێس لە هاوینی 2017 بە شێوەی خواستن بۆ ماوەی 2 وەرز پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنەوە كرد لەگەڵ ئەگەری كڕینی لە دوای ئەم دوو ساڵە بە بەهای 60 ملیۆن پاوەن، ئەمە دوای ئەوە بۆ ماوەی 3 وەرز لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاریی كردبوو.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: خامێسی تەمەن 27 ساڵ چاوەڕێی هێمایەك لە یانەی ریال مەدرید دەكات و نایەوێ تەنانەت تا كۆتایی ئەم وەرزەش لە خولی ئەڵمانیا بمێنێتەوە و بەڵكو خوازیارە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوو دووبارە بگەڕێتەوە یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.

لای خۆیەوە یانەی ریال مەدرید پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو كە نیازیان هەیە بەر لە تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی خامێس بگەڕێننەوە ریزی یانەكەیان و بەشێوەی یەكجاری نەیفرۆشنە یانەی بایرن میونشن.

خامێس كە لە كۆتایی وەرزی یاریكردنیدا لە ریزی یانەی ریال مەدرید یەدەگی كریستیانۆ رۆناڵدۆ و گاریس بێڵ و ئیسكۆ و ئەسینسیۆ بوو، رەنگە لە یارییەكانی داهاتوودا رۆلێكی سەرەكی پێ بدرێتەوە بەهۆی دابەزینی ئاستی یانەكە بەتایبەتیش دوای رۆیشتنی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی كە وەك پێویست رۆلی بەم ئەستێرە كۆڵۆمبییە نەدەدا.

یانەی ریال مەدرید دوای ئەنجامدانی 11 یاریی لە وەرزی نوێی خولی ئیسپانیا لە ریزبەندی شەشەمی یانەكان دێت، ئێستاش پێویستی بە یاریزانێكی دروستكەر و گۆڵكار هەیە دوای رۆیشتنی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بۆ یانەی یۆڤێنتۆس لە هاوینی رابردوودا، رەنگە خامیس باشترین بژاردەبێت بۆ ئەمە بەتایبەتیش بەهۆی دابەزینی ئاستی گاریس بێڵی ئەستێرەی ویڵزییەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م