رۆناڵدۆ سەبارەت بە سەركەوتنەكەی مانچستەر یونایتد چی گوتبوو؟

:: AM:10:10:08/11/2018 ‌

كرستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و هێرشبەری یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی سەبارەت بە شكستەكەی شەوی رابردوویان بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی رایگەیاند كە یانەكەی دووەم شایستەی سەركەوتن نەبوو.

دوێنێ چوارشەم یانەی یۆڤێنتۆس لەنێو یاریگە و لەبەردەم هاندەرانیدا لە گەڕی چوارمی قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بە ئەنجامی 1-2 گۆڵ بەرامبەر یانەی مانچستەر یونایتد دۆڕا.

یانەی یۆڤێنتۆس نزیكبوو بەهەمانشێوەی یاریی چوون بە گۆڵێكی بێ وەڵام سەركەوتن بەدەستبێنێ دوای ئەوەی رۆناڵدۆ لە خولەكی 65 گۆڵی پێشكەوتنی تیپەكەی تۆمار كردبوو، بەڵام لە ماوەی 4 خولەكدا یاریزانانی یانەی مانچستەر یونایتد ئەنجامی یارییەكەیان هەڵگەڕاندەوە و لە خولەكانی 86 و 90 توانیان 2 گۆڵ تۆمار بكەن و بەئەنجامی 1-2 گۆڵ یارییەكەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەكۆتا هێنا.

دوای یارییەكە رۆناڵدۆ بە ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی راگەیاند: لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ركابەرییەكان شێوازێكی تایبەتییان هەیە، ئێمە هەمیشە بۆ سەركەوتن یاری دەكەین، بەڵام رەنگە شتی جیاوازتریش رووبدات و ئەمە ئاساییە.

زیاتر گوتی: بۆ ماوەی 90 خولەك بەتەواوی كۆنتڕۆڵی یارییەكەمان كردبوو و چەندان هەلی تۆماركردنی گۆڵمان لەدەست دا، دەتوانم بڵێم بەتەواوی 4 گۆڵمان لەدەست دا، بەهۆی ئەمەشەوە تیپی بەرامبەر سزایان داین و ئەنجامی یارییەكەیان هەڵگەڕاندەوە.

رۆناڵدۆ هەروەها رایگەیاند: یانەی مانچستەر یونایتد لە یارییەكەدا هیچ شتێكی نەكرد بۆ ئەوەی سەركەوتن بەدەستبێنێ، ناشبێت بڵێن ئەوان بەختیان هەبوو، چونكە ئێمە دەبوو بەخت بۆ خۆمان بدۆزینەوە، راستییەكەی ئێمە وامان كرد ئەوان سەركەوتن بەدەستبێنن.

لە كۆتاییدا رۆناڵدۆ جەختی كردەوە كە دەبێت یاریزانانی یانەی یۆڤێنتۆس سەربەرزبن، چونكە یارییەكی باشیان ئەنجام دا و سەرەڕای ئەم شكستەش تا ئێستا هەر لە پێشەنگی یانەكانی كۆمەڵەكەین.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م