نهێنییەكانی گرێبەستی گواردیۆلا و مانچستەر سیتی ئاشكرا كران

:: AM:11:12:08/11/2018 ‌

رۆژنامەیەكی ئەڵمانی چەند نهێنییەكی نوێی لەسەر گرێبەستەكەی نێوان پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی و یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی ئاشكرا كرد كە یەكەمجارە بڵاو دەكرێنەوە.

رۆژنامەی (دێر شپیگەل) ئاشكرای كرد: گوادیۆلا بەفەرمی لە 10ی تشرینی یەكەم (مانگی 10)ی 2015 رێككەوتنی لەگەڵ بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتی كردبوو و هەر لەو رۆژەشدا ئیمزایان لەسەر رێككەوتنەكە كردبوو بۆ وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكە.

ئەو كاتەی كە گواردیۆلا ئیمزای لەسەر گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی مانچستەر سیتی كردووە، بەفەرمی راهێنەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بووە، بەڵام گرێبەستەكە بەشێوەی نهێنی بووە و جگە لەو راهێنەرە و چەند بەرپرسێكی یانە ئینگلیزییەكە كەسی تر پێی نەزانیوە.

بەرپرسانی یانەی مانچستەر سیتی ئەو كات داوایان لە گواردیۆلا كردبوو بەهیچ شێوەیەك لێدوان لەسەر رێككەوتنەكەیان نەدات و زانیارییەكان بەنهێنی بهێڵێتەوە.

راهێنەرەكەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی زۆر چاوەڕێی نەكرد و لە رۆژی 5ی مانگی یەكەمی 2016 بەفەرمی ئارەزووی رۆیشتنی لە یانەی بایرن میونشن لە كۆتایی وەرزەكە راگەیاند، ئەو كات ئاشكراشی كرد كە وێستگەی داهاتووی خولی نایابی ئینگلیزی دەبێت.

رۆژنامە ئەڵمانییەكە هەروەها زانیاریی لەسەر مووچەی ئەم راهێنەرەش لە یانەی مانچستەر سیتی ئاشكرا كرد و رایگەیاند: لە ساڵی یەكەمی راهێنەرایەتیدا مووچەی ساڵانەی گواردیۆلا برێتی بوو لە 15.45 ملیۆن یۆرۆ، بەڵام لە ساڵی دواتر كە ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بۆ یانەكە بردەوە بڕی 19 ملیۆن یۆرۆی وەرگرت.

جێی باسە گواردیۆلا كە وەرزی رابردوو ناسناوی خولی نایابی ئینگلیزی بۆ یانەی مانچستەر سیتی بردەوە، ئەمساڵ لە سێیەم وەرزی راهێنەرایەتی یانەكەدا دوای ئەنجامدانی 11 یاریی بەكۆكردنەوەی 29 خاڵ لە ریزبەندی یەكەمی یانەكانی خولەكە دێت و هەردوو یانەی چێڵسی و لێڤەرپوولیش ركابەرییەكی سەرسەختی دەكەن كە 27 خاڵیان هەیە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م