ئەبو نەجم لە جووتیارێكەوە بۆ سەركردەیەكی بەناوبانگی داعش

:: PM:03:28:08/11/2018 ‌
داعش دەستنیشانی دەكات بۆ بەجێگەیاندنی پلانێك لە ویلایەتی فەلووجە، لە ماوەیەكی كەمدا ئەبو نەجم لە جووتیارێكی ئاسایی دەبێتە سەركردەیەكی بەناوبانگ. ئەو لە بارەی هاتنی داعش بۆ عێراق و چۆنیەتیی پێوەندی پێوەكردنی دەڵێ، لە گرتووخانە ئەوانی ناسیوە، دوای گەڕانەوەشی لە سووریا لەلایەن هێزە تەناهییە عێراقییەكان لە ئەنبار گیراوە.

 ئەبو نەجم كە بەمدواییە لە سووریاوە هاوشانی دەیان تیرۆریستی تری داعش دەگەڕێتەوە عێراق، بەڵام لەلایەن سوپای عێراقەوە دەگیرێت، دوا بەدوا گرتنی لە بەردەم دادوەری تایبەتمەند لە دۆسیەكانی داعش ددان بەوەدا دەنێت

ئەبو نەجنم "كامل تەڵاڵ عیساوی" تەمەن 32 ساڵان، نهێنی زۆر لە بارەی ویلایەتی فەلووجە و هاتنی داعش بۆ عێراق و رۆڵی سەركردایەتییەكانیان لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندەران لە شارە سوننەكان و لێدانی فڕۆكە جەنگی عێراقی لە رەتڵێكی داعشی لە كاتی جێهێشتنی شارەكە، پاشان دووبارە گەڕانەوە بۆ عێراق و پرسی گرتنەوەی فەلووجە و پلانی نوێی داعش بۆ عێراق باس دەكات.

عیساوی دەڵێ كە ئەو جووتیارێك بووە لە شارۆكەی فەلووجەی باكوری بەغدا كە سەر بە پارێزگای ئەنبارە، دوای ئەوەی بە تۆمەتی پێوەندی هەبوون بە گرووپە توندڕۆكان دەگیرێت، لە گرتووخانە دوو كەس دەناسێت كە سەر بە سوپای موجاهیدین بوون پێش سەرهەڵدانی داعش، ئەوان بەڵێنیان لەو وەرگرتووە دوای دەرچوونی لە گرتووخانە پێوەندی بە گرووپەكەیان بكات و دژی سوپای عێراق بجەنگێت.

باس لەوە دەكات كە پاش ئازادكردنی لە گرتووخانە، لە شارەكانی فەلووجە و ئەنبار ناڕەزایەتی خەڵك دژ بە حكوومەتی عێراقی لە گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی بەردەوامی هەبوو، زۆرینەی سەركردەكانی رێكخستنی خۆپێشاندانەكان و مانگرتووان، سەركردەكانی گرووپە توندڕۆكان بوون، ئەوان رۆڵی گەورەیان هەبوو كە گەنجان بەشداری لە خۆپێشاندانەكان بكەن بە مەبەستی رووخاندنی حكوومەت.

روونی دەكاتەوە، لەو دەمەدا ئەبوبەكر بەغدادی لە سووریا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام راگەیاند كە لە ماوەیەكی كەمدا توانی دەست بەسەر ناوچەیەكی زۆری سووریا و لیبیا و سۆماڵ و ئەفغانستان بگرێت. بەهۆی ئەو دەنگدانەوەیە و خراپی دۆخی تەناهی لە عێراق بەهۆی مانگرتنەكانی گۆڕەپانەكانی ناڕەزایەتی لە فەلووجە و كرمە لەلایەن سەركردەكانی گرووپە توندڕۆكان كە توانیبوویان دەست بەسەر زۆرنەی بارەگاكانی حكوومەت بگرن و دەستیان بگاتە چەك و تەقەمەنی پاشماوەی سوپای عێراق.

 ئەبو نەجم لێرەوە باس لە پێوەندیكردنی بە داعش دەكات و دەڵێ،ئەو دوو كەسەی لە گرتووخانە ناسی بوونی، لە فەلووجە سەردانی دەكەن و یەكێك لەوان پلەی ئیداری لە كەتیبەی تەوحید لە ویلایەتی فەلووجەی هەبوو، ئەوەی تریش ئەمیری كەرتی كرمە بوو، لەو دانیشتنەدا پێیان گوتووە زۆر گرنگە پێوەندی بە داعش بكات و بەیعەتیان پێ بدات، گوتی "لەوێدا بەیعەتم بە داعش دا بەرانبەر بە ئیمامی شەرعی كەرتی كرمە كە كەسێك بوو ناوی ئەبو محەمەد قازی بوو".

ئەبو نەجم باس لە ویلایەتی فەلووجە دەكات كە خۆی تێیدا یەكێك بووە لە سەركردەكان، هێما بۆ ئەوە دەكات كە ویلایەتی فەلووجە لە چەند كەرتێك پێكهاتبوو، ئەوانیش كەرتی كرمە و كەرتی رەشاد و كەرتی لهێب و كەرتی سەبیحات و كەرتی عەبادی و كەرتی سجر و كەرتی ناوەوە، هەر هەموویان سەر بە ئەبو عومەر بوون كە والی فەلووجە بوو، بەڵام دۆسیەی سەربازی ویلایەتەكە سەر بە ئەبو تیبە بوو، دۆسیەی تەناهیش سەر بە ئەبو حەسەن بوو، دۆسیەی شەرعیش سەر بە ئەبو خەتاب بوو، دۆسیەی كارگێڕیش سەر بە ئەبو یەقین بوو.

زیاتر گوتی "منیان راسپارد كە لەناو مەفرەزە سەربازییەكانی كەتیبەی تەوحید ئیش بكەم كە ئەویش بەشێوەی خاڵی سەربازی بە درێژایی ساتری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ سوپای عێراق، ئەركی ئێمە رێگرتن بوو لەوەی سوپای عێراق بێتە پێشەوە".

لەو كاتەی داعش گەیشتە ناو فەلووجە، لیستی زانیاری تەواو لەبەردەستدا بوو لەبارەی دامەزراوەكانی دەوڵەت و موڵك و ماڵی ئەندامانی هێزە تەناهییەكانی عێراقی بە پۆلیس و سوپا و هێزەكانی تریش، لەوێدا داعش بەیاننامەیەكی دەركرد و داوای لە چەكدارانی تەناهی عێراقی كرد كە دەتوانن سەردانی مزگەوتەكان بكەن و لەوێ تۆبە بكەن و چەكەكانیان رادەست بكەن، لەوێدا داعش بە دوای ئەوانەدا دەگەڕا كە ویستی هەبوو بچێتە ریزی داعش.

دووپات دەكاتەوە بەو رێیە داعش توانی ژمارەی چەكدارانی زیاتر بكات و گەشە بكات و فراوان بێت و كۆنتڕۆڵی ناوچەی تریش لە فەلووجە بكات تا دەگاتە ناوچەكان باشووری فەلووجە كە سەر بە بەغدای پایتەخت بوون، هەوڵی دا هێرش بكاتە سەر بەغدا.
 
دوای ئەو رۆڵەی لە كەتیبەی تەوحید بینی، كامل تەڵاڵ دوای ماوەیەكی كەم دەكرێتە بەرپرسی هەمان كەتیبە، تەنانەت داوای لێ كراوە ببێتە والی فەلووجە.

روونی دەكاتەوە كەتیبەی تەوحید كە 70 تا 80 چەكدار بوون، لەناوخۆی دابەشی سەر هێزێكی بچووك بچووك كرابوون بۆ رێگرتن لە پێشڕەوییەكانی سوپای عێراقی، بە فورمانی ئەبو نەجم جووڵەیان كردووە.

ئەو سەركردەیەی داعش لە ددان پێدانانەكان لە بەردەم دادوەری تایبەت بە لێكۆڵینەوە لە تیرۆریستانی داعش، باس لەو لێدانە دەكات كە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق لە رەتڵێكی سەربازیی داعشیان دابوو.

ئەو دەڵێ كاتێك شەڕ لە ویلایەتی باشوور و ویلایەتی باكوری بەغدا زۆر توند بوو، داوای كشانەوە كرا، بەڵام چەكدارەكان فریا نەكەوتن و لەناو فەلووجە گیریان خوارد، رووبەڕووی تۆپبارانێكی سەختی فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق بووینەوە و بەهۆیەوە زیانێكی زۆر گەورە بەر داعش كەوت، بۆیە بڕیار درا بەرەو شارۆكەی قائیم لە سنووری ئەنبار پاشەكشە بكەین، گوتی "رەتڵێكی دوو هەزار بۆ دوو هەزار و 500 ئۆتۆمبێلی پڕ لە چەك و تەقەمەنی و خواردن ئامادەكرا و بەرەو قائیم كەوتینە ڕێ، رەتڵەكە بە سەركردایەتی والی ویلایەتی فەلووجە بوو، من لەناو یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان بووم لە ناوەڕاستی رەتڵەكە، سەعات هەشتی شەو بەڕێ كەوتین، بەڵام لە ناوچەی رەزازە بەهۆی خراپی رێیەكە و هەبوونی ئاو و گەڕان بە دوای رێی تر، لەو كاتەدا فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق تۆپبارانی رەتڵەكەیان كرد و سەرەتا لە ناوەڕاستی قافڵەكەی دا، تا بەیانی فڕۆكە جەنگییەكان لە قافڵەكەیان دەدا، زیاتر لە 800 چەكدار كوژران و بریندار بوون، من و هەندێكی تریش توانیمان بەرەو قائیم رابكەین، لەوێ مامەوە تا برینەكەم چاك بووەوە و پاشان بەرەو بوكەمال لە سووریا رۆیشتم".

ئەو سەركردەیەی داعش باس لە چۆنیەتیی گەڕانەوەی دەكات بۆ عێراق، دەڵێ دوای ئەوەی سوپای عێراق كۆنتڕۆڵی هەموو ناوچەكانی كردەوە كە پێشتر لە دەست داعش بوون، لە سووریاوە والییەكی نوێ بۆ فەلووجە دەس نیشان كرا، گوتی لەلایەن والی نوێوە فەرمانی گەڕانەوەیان بۆ دەرچوو كە بگەڕێنەوە، بە دیاریكراوی بۆ كرمە، پاشان بەپێی پلانەكە ئەركی ئەوانەی بڕیاری گەڕانەوەیان بۆ دراوە پێكهێنانی مەفرەزەی سەربازی بووە لە دەرەوەی شارەدێیەكە بۆ ئەنجامدانی كردەی سەربازی دژ بە ئامانجە سەربازییەكان كە پێشتر لە سووریا بۆیان دەستنیشان كراوە. 
                                                                                                                                                                                                                                                                                           
ئەوەشی گوت، "توانیمان بگەڕێینەوە و مەفرەزەی سەربازی پێك بهێنین، پێوەندیم بە براكەم كرد كە ئەویش چەكداری داعش بوو، بەڵام عێراقی جێ نەهێشتبوو، كەسیش بەوی نەدەزانی كە پێوەندی بە داعشەوە كردووە، داوام لێ كرد كە چەك و تەقەمەنیمان بۆ دابین بكات لەو حەشارگانەی شاردبوومانەوە پێش رۆیشتنمان لە عێراق، چەكەكانیان هێنا كە خۆی لە چەكی بێدەنگ و كەرەستەی تەقینەوە و چەكی مامناوەند و كامێرای وێنەگرتنیشی تێدا بوو".

زیاتر گوتی "بەڵام هێزە تەناهییەكان توانییان ئێمە ئاشكرا بكەن، هەوڵمان دا بەرەو باكوری عێراق رابكەین و لەوێ خۆمان بگەیەنینە توركیا، بەڵام هەوڵەكە شكستی هێنا و نەمانتوانی خۆمان بەرەو توركیا دەرباز بكەین، بۆیە جارێكی تر گەڕاینەوە ئەنبار، لە گەڕانەوەماندا بۆ ئەنبار گیراین".



وشە - فه‌رمان سادق