یۆڤێنتۆس بەتەواوی لە گرێبەستی مارسێلۆ نزیك بۆتەوە

:: AM:10:19:12/11/2018 ‌

بەگوێرەی سەرچاوە رۆژنامەوانییەكان یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی بەتەواوی لە گرێبەستكردن لەگەڵ مارسێلۆی بەرگریكاری بەڕازیلی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی نزیك بۆتەوە.

یانە ئیتاڵییەكە هاوینی رابردوو توانیبووی باشترین یاریزانی یانەی ریال مەدرید بباتە تیپەكەیەوە ئەویش كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بوو بە گرێبەستێك كە بەهاكەی زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆ بوو.

یانەكە ئامانجی ئەوەیە باڵی چەپی تیپەكەی بەهێزتر بكات بەهێنانی مارسێلۆی بەگریكاری بەڕازیلی بۆ ئەوەی لەگەڵ رۆناڵدۆ جارێكی تر بەیەكەوە یاری بكەنەوە.

ماڵپەڕی (رای سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: مارسێلۆ خۆی گلۆپی سەوزی بۆ گواستنەوەی یانەی یۆڤێنتۆس دەربڕیوە و ئێستاش چاوەڕێی دوا بڕیاری فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەكەی دەكات بۆ ئەوەی ریگەی پێ بدات لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا بچێتە خولی ئیتاڵیا.

سەرچاوەكە ئاشكراشی كرد: بەرپرسانی یانەی یۆڤێنتۆس دەیانەوێ مانگی داهاتوو و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا رێككەوتن لەسەر مارسێلۆ كۆتایی پێ بێنن و چاوەڕێ ناكەن تا هاوینی داهاتوو ئینجا گرێبەستی لەگەڵ بكەن.

لای خۆشییەوە ماڵپەڕی (كالچیۆ میركاتۆی)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: ئەوەی تا ئێستە بەربەستە لەبەردەم رۆیشتنی مارسێلۆ بۆ یانەی یۆڤێنتۆس، فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی شاهانەیە كە پێیوایە ئەم بەرگریكارە تەمەن 30 ساڵە یەكێكە لە بناغەكانی تیپەكەی ناكرێ ئاوا بە ئاسانی دەستبەرداری بێت.

مارسێلۆ گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تا ساڵی 2022 درێژەی هەیە و بەهای گرێبەستەكەشی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا بە 70 ملیۆن یۆرۆ خەملێنراوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م