سبەی ریال مەدرید بڕیاری كۆتایی لەسەر سۆلاری دەردەكات

:: AM:11:37:12/11/2018 ‌

پێدەچێ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاری مانەوەی راهێنەرە كاتییەكەی سانتیاگۆ سۆلاری تا كۆتایی یارییەكانی ئەم وەرزە دەربكات دوای ئەوەی لەوەتەی راهێنەرایەتی تیپەكەی گرتۆتە دەست هیچ یارییەكی نەدۆڕاندووە.

سۆلاری تا ئێستا لە 4 یارییدا راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدریدی كردووە، لەسەرجەم یارییەكانیشدا سەركەوتنی بەدەستهێناوە و هیچ گۆڵێكیشی لێ نەكراوە، ئەمە لە كاتێكدابوو كە یانەكە پێش ئەوە لە 5 یاریی لەسەریەكی خولی ئیسپانیادا هیچ یارییەكی نەبردبووەوە.

سۆلاری رۆژی 28ی مانگی رابردوو دوای دەركردنی جولین لۆپیتیگی، بەشێوەی كاتی وەك راهێنەری تیپی یەكەمی یانەی ریال مەدرید دەستنیشان كرا.

رۆژنامەكانی ئیسپانیا ئاشكرایان كرد: سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید سبەی سێشەم بڕیاری مانەوەی سۆلاری وەك راهێنەری تیپی یەكەمی یانەكەیان دەردەكات.

فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید سبەی سێشەم بەفەرمی سۆلاری وەك راهێنەری هەمیشەیی تیپەكەی دیاری دەكات و گرێبەستێكی نوێشی لەگەڵ ئیمزا دەكات، بەڵام دیار نییە گرێبەستەكە بۆ چەند ساڵ دەبێت و بەهاكەشی چەند دەبێت، رەنگە پێرێز ئەم زانیارییانە لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی سبەی ئاشكرا بكات.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م