گۆرانیبێژى ناسراوى كورد عه‌دنان كه‌ریم، ده‌گه‌ڕێته‌وه لاى سروشت و گۆرانى و له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێكى تر، له پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌ریدا پێكه‌وه تابلۆی نوێ ده‌نه‌خشێنن و به‌مزووانه بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه.
ئه‌مڕۆ دواى ته‌واوبوونى پڕۆژه‌كه، هونه‌رمه‌ندى به‌شدار له‌و پڕۆژه‌یه دكتۆر رێبوار سه‌عید له دیمانه‌یه‌كى كورتدا به"وشه"ى راگه‌یاند، له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند عه‌دنان كه‌ریم پێكه‌وه هه‌ستاوین به ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌یه‌كى هونه‌ریى هاوبه‌ش كه پێكهاتووه له ڕه‌نگ و شیعر و گۆرانى له‌ژێر ناوى "ئه‌ى هه‌وره‌كان وه‌رن بمبه‌ن بۆ قووڵایی ئاسمانى شین، با له‌وێوه چاوم پڕ بێ له په‌لكه‌زێڕینه‌ى ئه‌وین".
به‌گوته‌ی رێبوار سه‌عید، ئه‌و پڕۆژه‌یه پێكهاتووه له 30 تابلۆى هونه‌رى كه خۆی و عه‌دنان كه‌ریم كاریان تێدا كردووه و ئه‌وه‌یش ده‌ڵێ، "پێكه‌وه تابلۆكانمان نه‌خشاندووه و كۆنسێپتى پڕۆژه‌كه له‌سه‌ر تێماى هه‌وره".
"هه‌ور وه‌ك یه‌كه‌یه‌كى سیمبۆلى ده‌بن به سروشت و به فیگه‌ره‌كانى ناو تابلۆكان، واته هه‌ریه‌ك له تابلۆكان دوو ئه‌زموون، دوو دید، دوو تێڕوانین، به‌ڵام بۆ ئه‌نجامدانى یه‌ك مه‌به‌ست و دوو كاره‌كته‌رى جیاواز، به‌ڵام كۆكردنه‌وه‌یان له‌ناو خوڵقاندنه‌وه‌ى كه‌سى سێیه‌م و دوو ڕه‌نگى جیاواز، به‌ڵام یه‌كگرتنه‌وه‌ى تۆنه‌كان له‌ناو یه‌ك رووخسارى هاوبه‌ش تێكه‌ڵكردنى دوو ئه‌زموونى هێڵ، به‌ڵام دواى كۆتاهاتنى هێڵى یه‌كه‌م، هێڵى دووه‌م به‌رده‌وام ده‌بێت، دوو ئاسۆى جیاواز به‌ڵام كۆكردنه‌وه‌یان له‌ناو ئاسۆیه‌كى به‌رفراوان"، رێبوار سه‌عید وای گوت.
ئاماژه به‌وه‌یش ده‌كات كه "ئاسان نییه ئه‌م ئه‌زموونانه، بۆیه زۆر ده‌گمه‌نن، چونكه ئیگۆى هونه‌رمه‌ند هه‌میشه زاڵه به‌سه‌ر خۆسه‌پاندنى رووپێوه‌كانى تابلۆدا، لێره‌دا خۆسه‌پاندن نامێنێت، به‌ڵكو یه‌كتر قبووڵكردن دێته ئاراوه، ئیتر سنووره حه‌رامه‌كان حه‌ڵاڵ ده‌بن و ڕه‌نگه موفه‌زه‌ڵه‌كان هاوبه‌ش ده‌بن، لێره‌دا پردى قبووڵكردن دێته ئاراوه كه ده‌توانرێ زۆر به جوانى به‌رهه‌م بێت و زۆر ئایدیاى تر له دایك بێت".
ئه‌و هونه‌رمه‌نده زیاتر ده‌ڵێ، "گرنگى ئه‌و پڕۆژه‌یه له‌و چركه‌ساتانه‌دایه كه درزه‌كان زیاتر ده‌بن". ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو كه "وێڕاى كاره هونه‌رییه‌كان، له‌لایه‌ن منه‌وه پارچه‌یه‌ك هۆنراوه له‌سه‌ر كۆنسێپتى تابلۆكان ده‌نووسرێت كه گه‌شتێكه به دنیادا و بینینى ڕه‌نگ و هێڵه‌كان، هاوكات له‌لایه‌ن مامۆستا عه‌دنان كه‌ریمه‌وه ئاوازى بۆ دانراوه و پاشان له‌لایه‌ن مامۆستا كۆمیكۆ تریشكۆ خاتوونه هونه‌رمه‌ندى ژاپۆنى به پیانۆ موزیكى بۆ ده‌ژه‌نرێت".
كۆى پڕۆژه‌كه له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند سالار سه‌عید، وێناكردنه‌وه‌ى به‌رهه‌مه‌كان به‌شێوه‌یه‌كى دیجیتاڵى كه له گۆشه‌نیگاى جیاوازه‌وه فۆرمى تابلۆكان له‌سه‌ر سته‌یج نمایش ده‌كاته‌وه. پڕۆژه‌كه ئه‌زموونێكى هونه‌رى شێوه‌كارییه به تێكه‌ڵكردنى ڕه‌گه‌زه‌كانى هونه‌ر.
پاش ساڵێك له كاركردن، ئێسته ئه‌و پڕۆژه‌یه به‌كۆتا گه‌یشتووه كه پێكهاتووه له ڕه‌نگ و شیعر و گۆرانى، له یادى 50 ساڵه‌ى زانكۆى سلێمانى له رۆژی 28ی ئه‌م مانگه تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر، له هۆڵى كۆنگره‌كانى زانكۆی سلێمانى پێشكه‌شی ده‌كه‌ین.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى