سەنتەرەكانی بڵاوكردنەوەی سی دی و تۆمارگەكانی سلێمانی بەرەو داخستن دەچن

:: AM:08:52:15/11/2018 ‌

پێش چەند ساڵێك لە سلێمانی، دەیان سەنتەری بڵاوكراوە و تۆماری دەنگی و زیاتر لە 150 تۆمارگە لە شارەكەدا هەبوون، بەجۆرێك كە بەردەوام لە كاردا بوون و تەواوی بڵاوكراوەكان لە سنوورەكە و دەرەوەی ناوچەكە لە لایەن ئەوانەوە كاریان بۆ دەكرا، بەڵام ماوەی دوو ساڵ دەبێت كاریان بەرەو تەواوبوون ڕۆیشتووە و بەشی زۆریان داخراون و نەماون.

سەنتەر و تۆمارگەكان لە سلێمانی بە جۆرێك كەم بوونەتەوە، ئێستە تەنیا چوار سەنتەری بڵاوكراوە ماونەتەوە و بەگوتەی خاوەنەكانیان، ئەوانیش كاریان نەماوە و لەوەدان دایبخەن، هەروەها تۆمارگەكانیش لە 150 تۆمارگەوە بۆ كەمتر لە 10 تۆمارگە كەم بوونەتەوە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئێستە تەكنەلۆجیا جێی ئەوانی گرتووەتەوە و كاری ئەوانی سفر كردووە.

محەمەد مەولوود خاوەنی تۆمارگەی ئارامە كە ماوەی 26 ساڵ كاری لەو بوارەدا كردووە. ئەو دەڵێت، لە ساڵی 1989 دەستی بەكاری تۆمارگە كردووە و ئێستە وازی لە كارەكە هێناوە، ئەو سەرەتا بەوە دەستی پێ كرد، بەڵام ئێستە سەردەمەكە هی ئەوە نییە هاووڵاتی كاسێت و سی دی و دی ڤی دی بەكار بهێنێت. گوتی ئێمە لە سەردەمی تەكنەلۆجیا دەژین، ئینتەرنێت جێی بەو كارانە كە لە ڕابردوو لەڕێی تۆمارگەكانەوە دەكران لێژ كردووە، هەمووی لە ڕێی ئینتەرنێتەوە بۆ ناو فلاش میمۆری دەكرێت.

ئەو بۆ "وشە" گوتی، پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و هاتن و بڵاوبوونەوەی مۆبایل، هەموو شتێكی هەڵوەشاندەوە، تا ساڵی 2000 و پێش هاتنی مۆبایل و میمۆری، ئەو كارەی زۆرترین سوودی هەبوو، كاری تۆمارگە بوو، دوای ئەوەی تا ساڵ 2010 زیاتر پەرە بە كاری سی دی و سەنتەری بڵاوكراوە و تۆمارگەكان درا، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو بە تەواوی ئەو كارانە پووكانەوە.

بەگوتەی محەمەد لە شاری سلێمانی زیاتر لە 150 دووكانی تایبەت بە تۆمارگە هەبوو، بەڵام سەرجەمیان بەهۆی نەمانی كارەوە داخراون و ئێستە تەواوی شارەكە كەمتر لە پێنج دووكانی تایبەت بە تۆمارگەی تێدا ماوە. ئەو دەڵێت، بە تەواوی كاری تۆمارگە بەرەو نەمان ڕۆیشتووە و دەمێكە نەماوە.

سۆران عومەر خاوەنی سەنتەری خۆشی لە سلێمانی بە "وشە"ی گوت، لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا تەواوی سەنتەرەكانی سلێمانی كە 20 سەنتەر بوون، هێندە كار و بڵاوكراوە و دروستكردنی ئەلبوومیان هەبوو، فریا نەدەكەوتن كار وەربگرن و چەندان جار كاریان ڕەت دەكردەوە، كارەكە هێندە زۆر بوو، بە چەند كەس فریا نەدەكەوتین و بەردەوام لە زیادبوونیش بوو، لەو كاتەدا كاری ئەلبووم و هەڵبژاردە و كاری هونەرمەندان و كۆمیدی هەبوو، دروستكردنی هەڵبژاردە و كاری دەنگ و بڵاوكراوەكان هەموو لە ڕێی سەنتەرەكانەوە دەكران.

لە بەناوبانگترین ئەو سەنتەرانەی كە داخراون، دیاركۆ و ماد و منارە و دنیا، چەند سەنتەرێكی تر كە كاری بڵاوكردنەوەیان دەكرد. سۆران عومەر دەڵێت، لە كۆی 20 سەنتەر لە شارەكەدا، ئێستە سلێمانی خاوەنی شەش سەنتەری بڵاوكراوەیە، ئەوانیش وردە وردە بەپێی كات بەرەو نەمان و داخستن دەچن، ئیشوكاریان كەم بووەتەوە و هەمووی بووە بە میمۆری و مۆبایل و فلاش میمۆری، كاری بڵاوكراوە و سی دی ئێستە زۆر دەگمەن بووە و كەس نایپرسێت.

ئەوەشی گوت، ئەو كاتەی كە سەنتەرەكان زۆرترین كاریان دەكرد، ڕۆژی بەلانی كەمەوە یەك ملیۆن دینار دەستكەوتیان هەبوو، بەڵام ئێستە ڕۆژی وا هەیە كەمتر لە 50 هەزار دینارمان دەست دەكەوێت، ئەویش چەند كارێكی كۆپی و كاری میمۆرییە نەك سی دی و بڵاوكراوە.
سیامەند جەلال خاوەنی تۆمارگەی هەمیشە كە ماوەی 20 ساڵە ئەو كارە دەكات، پێی وایە تەنگژەی دارایی كاری لە كارەكەی ئەوان كردووە، هاووڵاتی وەك پێشوو مەیلی بەلای سی دی و كاری بڵاوكراوەكان نەماوە و بەشێكی تریشی بۆ ئینتەرنێت و مۆبایل دەگەڕێتەوە، ئێستە هەموو كەسێك لە ماڵەكەی خۆیەوە هەرچی بوێت لە بەردەستیەتی، هیچ كاری بەوە نییە سی دی یان دی ڤی دی بكڕێت و بەكاری بهێنێت، لەگەڵ پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا كاری بڵاوكراوەكانیش دەوەستێت.

ئەوەیش دەڵێ، كاری سەنتەری بڵاوكراوەكان كۆتایی هاتووە، ئەو چەند دانەیەی كە هەیە بەزۆر ڕایدەكێشن، ئەوانیش نزیكن لە داخستن، پێشتر هەر سی دی و كارێكی نوێ دەربچووایە، دەستبەجێ لە سەنتەرەكانەوە بەزووترین كات بڵاو دەكرایەوە و هاووڵاتی هەمیشە چاوی لە بڵاوكراوە و سیدیی نوێ بوو، بەڵام ئێستە تەنیا تۆزێك كار مابێت، كاری بەندی هەندێ هونەرمەندە، لەگەڵ فیلمە ئەكشنەكان ئەوانەی نوێن و تازە بڵاو دەبنەوە.

وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی




وشە - وشه‌