یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی مەترسی لەسەرە لە وەرزی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بكرێتە دەرەوە بەهۆی پێشێلكردنی یاساكانی خاوێنی یاریكردنەوە.
رۆژنامەی (لیكیپ)ی فڕەنسی ئاشكرای كرد: پێشبینی دەكرێ یانەی پاریس سان جێرمان لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپاوە رووبەڕووی چەندان سزای قورس ببێتەوە بەهۆی پێشێلكردنی یاساكانی خاوێنی و گرێبەستی بێ بنەما لەگەڵ كۆمپانیا قەتەڕییەكان تا لە رێگەیەوە گرێبەستی گرانبەهای یاریزانان ئیمزا بكەن.
رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد: ئەم تۆمەتانە رووبەڕووی یانەی پاریس سان جێرمان بۆتەوە ئێستا لە ژێر دەستی دادگای ناودەوڵەتی (كاس)ەوەیە و رەنگە بەهۆیانەوە یانەكە لە ركابەرییەكانی ئەمساڵی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بكرێتە دەرەوە.
یانەی پاریس سان جێرمان هاوینی وەرزی رابردوو گرێبەستی لەگەڵ نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی بە بەهای 220 ملیۆن یۆرۆ و كیلیان مباپێ بە 180 ملیۆن یۆرۆ كردبوو، هەروەها مووچەی بەشی زۆری ئەستێرەكانی یانەكە بەڕێژەیەك بەرزە پێشبینی ناكرێ.