رۆناڵدۆ هاوكاری دیبالا دەكات بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان

:: AM:10:44:19/11/2018 ‌

لەوەتەی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە كردووە، گۆڕانكاری گەورەی لە ریزی یانەكەدا كردووە و بەتایبەتیش خۆشەویستی و دروستكردنی پەیوەندییەكی باش لەنێوان یاریزانانی یانەكەدا.

رۆژنامەی (كالچیۆ میركاتۆ)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: رۆناڵدۆ هاوكاری دیبالا دەكات بۆ بەهێزكردنی ماسولكەكانی و بەرزكردنەوەی ئاستی یاریكردن و بیركردنەوەی لەنێو یاریگەدا.

"رۆناڵدۆ هاوكاری دیبالا دەكات بۆ ئەوەی ببێتە پاڵەوان" بەمجۆرە رۆژنامەی (كالچیۆ میركاتۆ" پەیوەندی نێوان ئەو دوو یاریزانەی وەسف كرد.

دیبالا لەوەتەی پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كردووە بەتایبەتیش لەم چەند مانگەی رابردوودا دوای هاتنی رۆناڵدۆ ئاستی یاریكردنی بەشێوەیەكی بەرچاوە بەرز بۆتەوە و بۆتە ئەستێرەیەكی تەواو و لە زۆربەی یارییەكاندا توانیویەتی گۆڵ تۆمار بكات.

رۆژنامە ئیتاڵییەكە جەختیشی كردەوە كە رۆناڵدۆ لە زۆربەی كاتەكانی مەشق و راهێناندا قسە لەگەڵ دیبالا دەكات و هاوكاریشی دەكات بۆ بەهێزكردنی ماسولكەكانی و هەروەها ئامۆژگاریشی دەكات و ئەو رووداوانەی بیر دێنێتەوە كە لەكاتی گەنجیدا لەنێو یاریگەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی فێری ببوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م