میسی كەی دەگەڕێتەوە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین؟

:: AM:11:48:21/11/2018 ‌

بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكان لیۆنێل میسی ئەستێرەی یەكەم و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی نزیك بۆتەوە لە دووبارە پەیوەندیكردنەوە بە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: میسی نیازی وایە بگەڕێتەوە ریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، بەڵام دەیەوێ بڕیاری گەڕانەوەكە بە هێواشی و دوور لە پاڵەپەستۆ دەربكات.

هەڵبژاردەی ئەرجەنتین ئێستا لەژێر سەپەرشتی راهێنەر لیۆنێل سكالۆنی بە دۆخێكی باش و هێمن تێپەڕ دەبێت و كۆمەڵێك یاریزانی لاوی نوێ پەیوەندییان بە هەڵبژاردەكەوە كردووە و تاڕادەیەكیش ئەنجامی یارییە دۆستانەكانی ئەم دواییەیان باش بووە.

رۆژنامەكە رایگەیاند: میسی پێوایە ئێستا دۆخەكە گونجاوە بۆ ئەوەی بڕیاری گەڕانەوە بۆ ریزی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بدات و پێشبینش دەكرێ لە پاڵەوانیەتیی كوپا ئەمەریكای 2019 بەشداری بكات.

جێی باسە میسی دوای شكستەكانی هەڵبژاردەی وڵاتەكەی لە یارییەكانی مۆندیالی 2018ی رووسیا و دەركردنیان لە قۆناغی 16 لەسەر دەستی هەڵبژاردەی فڕەنسا بڕیاری دا بەشێوەی كاتی واز لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بێنێ و بۆ ماوەیەكی كەم لە تەواوی چالاكییەكان داببڕێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م