عادل عەبدولمەهدی یەكەمین بڕیاری دژی كورد دەركرد

عادل عەبدولمەهدی لە ڕێی نووسراوێكی فەرمی ئاگەداری خاڵە گومرگییەكانی كردووەتەوە لەسەر كارەكانیان بەردەوام بن لە نێوان شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەیش بەیەكەمین بڕیار دژی كورد دادەنرێت.

ئەمڕۆ شەموو هەشتی كانوونی یەكەم، ئازاد جەباری ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ڕێككەوتن كراوە لە نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق كە خاڵە گومرگییەكانی نێوان شارەكان هەڵبگیرێت.

ئەندامەكەی ئەنجووومەنی پارێزگای كەركووك گوتی، تا ئێستە خاڵە گومرگییەكان بەردەوامن و هەڵنەگیراون و لە كاردان بە تایبەت ئەوەی نێوان كەركووك سلێمانی.

لەبارەی بوونی نووسراوێكی نوێی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ بەردەوامی ئەو خاڵە گومرگییانە جەباری گوتی، شتێكی لەو بابەتە هەیە بەڵێ‌، بەڵام تا ئێستە نووسراوەكەم بەدەست نەگەیشتووە.

حكوومەتەكەی حەیدەر عەبادی لە پێشوو بڕیاری دا كە لەنێوان هەولێر كەركووك و سلێمانی كەركووك و دهۆك و مووسڵ خاڵی گومرگی دابنرێت، دواتر لە دانیشتنی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەكانی سەرۆك وەزیران كە لەكاتی تەواوبوونی دەسەڵاتداریەتی داویەتی.

هەرێمی كوردستان و عێراق ڕۆژی پێنجی كانوونی یەكەم بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی لە نێوانیان بوو، بڕیار بوو سەرجەم خاڵە گومرگییەكان هەڵبگیرێن، بەڵام تا ئێستە بەردەوامن.



وشە - رامیار جەواد


AM:10:53:08/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 9704 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌