ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م نۆى كانوونى یه‌كه‌م، ڕۆژى جیهانى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵییه، له هه‌رێمى كوردستانیش دوابه‌دواى دروستبوونى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان له ساڵى 2014 یادى ئه‌و ڕۆژه ده‌كرێته‌وه و ژماره‌یه‌ك ئامار و كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى له كوردستان بڵاو ده‌كرێنه‌وه.
له 31 ئۆكتۆبه‌ری ساڵی 2003 كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رێككه‌وتنی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ئه‌نجام دا و نۆی كانوونی یه‌كه‌میشی وه‌ك رۆژی جیهانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی راگه‌یاند، ئه‌م رێككه‌وتنه له یه‌كی كانوونی یه‌كه‌می ساڵی 2005 خرایه بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
له هه‌رێمى كوردستان پرسى گه‌نده‌ڵى به‌رده‌وام باسى لێوه ده‌كرێ، سه‌ربارى ئه‌وه‌ى چه‌ند ده‌زگایه‌كى چاودێرى و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى وه‌ك ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان و دیوانى چاودێرى دارایى بوونى هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك چاودێرانى سیاسیى ده‌ڵێن، هێشتا گه‌نده‌ڵى له كوردستان له ئاستێكى به‌رزدایه.
عێراق یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى كه له ریزبه‌ندى كۆتایدایه له ئاستى گه‌نده‌ڵى به‌پێى ڕاپۆرتى ڕێكخراوى شه‌فافییه‌تى نێوده‌وڵه‌تى، واته یه‌كێكه له‌و وڵاتانه‌ى كه ئاستى گه‌نده‌ڵى تیایدا به‌رزه و دواكه‌وتووه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى، یه‌كێكیش له‌و كێشانه‌ى كه كوردستان تووشى بووه ئه‌وه‌یه كه له چوارچێوه‌ى عێراق دا ئاستى گه‌نده‌ڵى تیایدا هه‌ژمار ده‌كرێ، واته هێشتا ڕێژه‌ى گه‌نده‌ڵى له كوردستان له ڕێكخراوى شه‌فافییه‌تى نێوده‌وڵه‌تى باسى نه‌كراوه.
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى هه‌رێمى كوردستان نایشارێته‌وه كه هێشتا گه‌نده‌ڵى له كوردستان له ئاستێكى به‌رزدایه سه‌ربارى ئه‌وه‌ى ئه‌وان هه‌وڵه‌كانى خۆیان چڕكردووه‌ته‌وه بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌كه‌ى و به‌سزا گه‌یاندنى ته‌واوى تۆمه‌تبارانى گه‌نده‌ڵى.
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى كوردستان بۆ "وشه"ى ڕوون كرده‌وه، ده‌سته‌ى ده‌سپاكى كوردستان له قۆناغێكدا دروست بوو كه دۆخى كوردستان له‌باره نه‌بووه ئه‌وكاته شه‌ڕى داعش و ته‌نگژه‌ى دارایى ڕێگربوون له‌به‌رده‌م كاره‌كانیان، به‌ڵام دواى دیاركردنى ستاف بۆیان كه هێشتا وه‌ك پێویست نییه ده‌ستیان به لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى كردووه.
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه هێشتا ئه‌وان كێشه‌ى نه‌بوونى لێكۆڵه‌رى دادیان له كوردستان هه‌یه و تا ئێسته له ته‌واوى كوردستان نزیكه‌ى 14 لێكۆڵه‌رییان هه‌یه كه ئه‌وه له ئاست پێویستى كاره‌كانى ئه‌وان نییه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا جگه له هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى نووسینگه‌ى كاركردنیان له‌هیچ شار و شارۆكه‌یه‌كى تر نییه.
سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى كوردستان نیگه‌رانه له‌وه‌ى كه كوردستان له چوارچێوه‌ى عێراق له ریزبه‌ندى وڵاتانى گه‌نده‌ڵ له ڕێكخراوى شه‌فافییه‌تى نێوده‌وڵه‌تى باسى ده‌كرێ ئه‌و ده‌ڵێت، زۆر هه‌وڵمداوه كه چیتر كوردستان له‌چوارچێوه عێراق له ڕیزبه‌ندى وڵاتانى گه‌نده‌ڵ ناوى نه‌هێنرێ، به‌ڵام هێشتا هه‌وڵه‌كان شوێنى خۆى نه‌گرتووه.
د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر پێى وایه، ئێسته باشترین ده‌رفه‌ته بۆ ئه‌وه‌ى ڕووبه‌ڕووى گه‌نده‌ڵى ببینه‌وه، چونكه ئه‌و پێى وایه" گه‌نده‌ڵى له تیرۆر مه‌ترسیدارتره و هۆكاره بۆ ڕووخانى وڵات".
له‌باره‌ى لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى له كوردستان سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه كرد، لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى هه‌نگاوى باشى بڕیوه له‌ماوه‌ى ئه‌مساڵدا نزیكه‌ى 100 كه‌یسى گه‌نده‌ڵى لێكۆڵینه‌وه‌ى تێدا كراوه و چه‌ندان به‌رپرسى حكوومیش دراونه‌ته دادگا و سزا دراون.
هه‌روه‌ك ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، زۆبه‌ى ئه‌و تۆمه‌تبارانه‌ى كه بڕیارى گرتنیان بۆ ده‌رده‌چێت ئاماده‌ى دادگا ده‌بن، به‌ڵام جار هه‌یه تۆمه‌تبار ئاماده نابێت یان هه‌ڵدێت.
ئه‌وه‌یشى گوت، كه ئه‌مڕۆ له‌كۆنگره‌یه‌كى ڕۆژنامه‌وانى ئامارى كه‌یسه‌كانى گه‌نده‌ڵى له‌ماوه‌ى 11 مانگى ڕابردوو له‌شاره‌كانى كوردستان ده‌خاته‌ڕوو.
یه‌كێكى تر له ئه‌ركه‌كانى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى كوردستان ئاشكراكردنى سه‌روه‌ت و سامانى به‌رپرسى حكوومى و په‌رله‌مانتارانى كوردستانه بۆ ئه‌وه‌یش د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر باس له‌وه ده‌كات كه ئێسته ده‌ستیان به قۆناغێكى نوێ كردووه بۆ دابه‌شكردنى فۆڕمى ئاشكراكردنى به‌رژه‌وه‌ندییه داراییه‌كان.
ئه‌و ده‌ڵێت، له قۆناغى یه‌كه‌مدا زۆربه‌ى به‌رپرسانى كوردستان كه نزیكه‌ى 98% ده‌بوو سه‌روه‌ت و سامانى خۆیان بۆ ده‌سته‌ى ده‌سپاكى ئاشكرا كرد و ئێسته له قۆناغى وردبینیدایه، به‌ڵام ئێسته فۆڕمى نوێ به‌سه‌ر په‌رله‌مانتارانى نوێى كوردستان دابه‌ش ده‌كرێ و ده‌بێ سه‌روه‌ت و سامانى خۆیان ئاشكرا بكه‌ن.
له كۆتایدا د.ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر سه‌رۆكى ده‌سته‌ى ده‌سپاكى كوردستان دووپات له‌وه ده‌كاته‌وه كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ى گه‌نده‌ڵى له كوردستان و بۆ ئه‌وه‌یش ستراتیجێكیان ئاماده‌یه كه له ساڵى داهاتووه‌وه كارى پێ ده‌كه‌ن. به‌پێویستیشى زانى ته‌واوى دامه‌زراوه‌كانى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان هاوكار بن بۆ له‌ناو بردنى گه‌نده‌ڵى و گرتنى تۆمه‌تباران.