بەرشەلۆنە لە دێربی كەتەلۆنیا 4 گۆڵی تۆمار كرد

:: AM:09:12:09/12/2018 ‌

شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە لە یاریی دێربی شاری كەتەلۆنیا و گەڕی 15ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی كۆرنێلا ئەلبرات بووە مێوانی یانەی ئیسپانیۆڵ و یارییەكەشی بە 4 گۆڵی خاوێن لێ بردەوە.

لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی بەرشەلۆنە توانیبووی 3 گۆڵ تۆمار بكات لە رێگەی یاریزانان لیۆنێل میسی لە خولەكی 17، عوسمان دێمبێلێ لە خولەكی 26 و لویس سوارێز لە خولەكی 45.

لە گێمی دووەمیشدا میسی گۆڵی دووەمی خۆی و چوارەمی یانەی بەرشەلۆنەی لە خولەكی 65 تۆمار كرد، هەردوو گۆڵەكەش لە رێگەی لێدانی راستەوخۆوە بوو.

یانەی ئیسپانیۆڵ لە رێگەی یاریزانەكەی ئۆسكار دۆراتی لە خولەكی 73 گۆڵێكی تۆمار كرد، بەڵام ناوبژیوان بەپشتبەستن بە تەكنەلۆژیای ڤار گۆڵەكەی رەت كردەوە.

بەم سەركەوتنە یانەی بەرشەلۆنە ژمارەی خاڵەكانی بۆ 31 بەرز كردەوە و هەر لە پێشەنگی یانەكانی خولی ئیسپانیا مایەوە، یانەی ئیسپانیۆڵیش خاڵەكانی لە 21 راوەستان و بۆ ریزبەندی 9ی یانەكان دابەزی.

دوێنێ شەموو هەر لە چوارچێوەی یارییەكانی گەڕی 15ی خولی پلە یەكی ئیسپانیا چەند یارییەكی تریش بەڕێوەچوون كە ئەنجامەكانیان بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

ئەتلەتیكۆ مەدرید 3-0 دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس

ڤالێنسیا 1-1 سڤیلییە

ڤیاڕیال 2-3 سێلتا فیگۆ

هەروەها ئەمڕۆ یەكشەمیش یارییەكانی گەڕی 15ی خولی ئیسپانیا بەردەوامیان دەبێت و گرینگترین یارییش لەنێوان یانەی هویسكا و ریال مەدرید دەبێت كە بڕیارە سەعات 6:15ی شەو بەڕێوەبچێت.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م