دیاردەیەكی ناوازە لە ئاسمانی هەولێر دەبینرێ

:: PM:12:26:22/12/2016 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەم، دیاردەیەكی ناوازە لە ئاسمانی هەولێر بینراوە و هاووڵاتییانی سەرقاڵ كردووە. بەرپرسێكی كەشناسیی هەرێم روونی دەكاتەوە كە "ئەو دیاردەیە جۆرێكە لە شكاندنەوەی تیشكی خۆر لەناو هەوردا و بە (سەگەكانی خۆر –سەن دۆگس) ناسراوە".

ئەژی چەتۆ حەسەن بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگەی كەشناسیی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "دوای ئەوەی كە تیشكی خۆر بەناو هەورێكی باراناویدا دەڕوات، ئەوە دەبێت بە هێمای باران بارین و ئەو دیاردە سروشتییە دروست دەبێت، بەڵام كەم دووبارە دەبێتەوە.

"ئەوەی ئەمڕۆ لە ئاسمانی هەولێر بینراوە كە وێنەمان گرتووە، دیاردەیەكی سروشتی جوان و ناوازەیە و كەم دووبارە دەبێتەوە و بە سەگەكانی خۆر ناسراوە، چونكە زۆرجار  تیشكی خۆر زۆر نزیك دەبێتەوە لە بارستە هەڵمییەكەی هەور و تیشكێكی كریستاڵی ناوازەی لێ‌ دروست دەبێت وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە هەولێر ڕووی دا". چەتۆ وای گوت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی دەزگەی كەشناسیی هەرێم ئەوەش دەخاتە ڕوو كە لە وڵاتانی ناوچە جەمسەرییەكان كە پلەی گەرما تێیدا زۆر نزمە، ئەو دیاردەیە زۆر دەبینرێ‌، بەتایبەتی دوای بەفر بارین كە زۆرجار كەوانەیش دروست دەكات كە لای خۆمان پێی دەڵێین پەلكەزێڕینە.

هەولێر-هێمن ڕەفیق  


وشە - تایبه‌ت