ئه‌و كچه گۆرانیبێژه كورده‌ی به‌مدواییانه ڤیدیۆ كلیپێكی بڵاو كرده‌وه و بینه‌رێكی ئێجگار زۆری تۆمار كرد، له پۆستێكیدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام ئاشكرای كردووه، ئیلهامی شیعره‌كانی له‌ناو ئۆتۆمبێلدا بۆ دێت.
ڤیڤیان نووری كچه گۆرانیبێژی پۆپ و نووسه‌ری تێكستی گۆرانی، له پۆستێكیدا له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئینستاگرام ئاشكرای كردووه كه ئیلهامی زۆربه‌ی ئه‌و تێكستانه‌ی بۆ گۆرانییه‌كانی ده‌ینووسێت، له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دا بۆی هاتووه، ئه‌مه‌ش به هۆكاری سه‌ركه‌وتنی ده‌بینێت.
ڤیڤیان به‌هۆی ڤیدیۆ كلیپی where do we go from here كه له مانگی تشرینی دووه‌م/ نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵ بڵاوی كرده‌وه، ناوبانگی له‌ناو كورد و دنیادا زیاتر بوو، بینه‌ری ڤیدیۆكه‌یشی تا ئێسته گه‌یشتووه‌ته زیاتر له ملیۆنێك بینه‌ر و به یه‌كێك له باوترین گۆرانییه‌كانی ساڵ هه‌ژمار كرا و پله‌ی یه‌كه‌می نیوزله‌ندای به‌ده‌ست هێنا.
ڤیڤیان نووری له باوكێكی هه‌ولێری و دایكێكی كه‌ركووكی له‌ناو كه‌مپی ئاواره‌كانی سووریا له دایك بووه، ئێسته له نیوزله‌ندا ژیان به‌سه‌ر ده‌بات و خه‌ریكی كاری گۆرانیگوتن له‌سه‌ر ستایلی پۆپ و نووسینی تێكستی گۆرانییه، به دوایین كلیپی گۆرانیی توانیی ئاستی بۆ پله‌ی یه‌كه‌م له ڕیزبه‌ندی گۆرانییه‌كانی نیوزله‌ندا و 10 یه‌كه‌مه‌كانی دنیا به‌رز بكاته‌وه.