هێزە سوننەكان سازش لە پۆستی وەزارەتی بەرگری بۆ شیعەكان دەكەن؟

:: PM:05:35:12/12/2018 ‌
 
دوای رەت كردنەوەی كاندیدی سوننەكان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری لەلایەن موقتەدا سەدر هاوشانی كاندیدی شیعەكان بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، هێزە سوننەكان پەنا بۆ سەركردەیەكی سەربازی شیعە دەبەن كە بەشداری لە جەنگی دژ بە داعش كردووە.

لە گۆڕانكارییەكی چاوەڕوان نەكراودا لە هەڵوێستی هێزە سوننەكانی عێراق لە بارەی وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی بەرگری گەورە سەركردەكانی سوننە بڕیاریانداوە پشتگیری لە سەركردەیەكی سەربازی شیعە بكەن كە بەشداری لە جەنگی دژ بە داعش كردووە تا بیكەن بە كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری.

ئەو گۆڕانكارییە لە هەڵوێستی سوننەكان دوای ئەوە دێت كە شكستیان هێنا لە دەستنیشان كردنی كەسایەتییەكی سوننە بۆ ئەو پۆستە لەلایەك لە لایەكی تریش ئەوانەی كە كاندیدیان كرد بوو لەلایەن موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانی سائیروون رەت كرانەوە هاوشانی فالح فەیاز كاندیدی هاوپەیمانی فەتح كە هادی عامری بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ كاندیدی كرد بوو.

ئەو هەوڵەی سوننەكان بە دیوێكی تر دەچوون دەبێت لە بنەمای پشك پشكێنە كە حكوومەتەكانی پێشتر لەسەری بنیاد نراوە و عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی كابینەی نوێش شكستی هێنا لە پێكهێنانی حكوومەتێكی تەكنۆكراتی دوور لە پشك پشكێنەی حزبی و مەزەوی و تایفی.

سەركردەیەكی سیاسی باڵا كە پێشتر پۆستی وەزیری هەبووە، دەڵێ ئەو هەڵوێستەی سوننەكان كە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان راشكاوانە ئاشكرای كرد كە داوایان لە زۆرێك لە سەركردە سەربازییەكانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كردووە تا یەكێكیان دەستنیشان بكەن بۆ ئەوەی بیكەن بە وەزیری بەرگری، ئەو هەنگاوە، شیعەكانی شەرمەزار كردووە بەتایبەت هاوپەیمانی بنیادنانەوە كە پێداگیرە لەسەر كاندید كردنی فالح فەیاز بۆ پۆستی وەزیری ناوخۆ كە موقتەدا سەدر رژدە لەسەر رەت كردنەوەی، هاوكات هەڵوێستەكەی سوننەكان پێگەی عەبدولمەهدی باشتر كرد بۆ دانوستاندن لەگەڵ لیستەكانی تر بۆ پێداچوونەوە بە هەڵوێستیان لە بارەی كاندیدەكانیان بە تایبەت هاوپەیمانی بنیادنانەوە.

ئەو سەركردە سیاسییە رەخنەی ئەوەیش لە عادل عەبدولمەهدی دەگرێت كە پرسی دەستنیشان كردنی وەزیرەكانی بۆ هێزە سیاسییەكان جێهێشت، ئەمەیش دەرگای گفتوگۆ و ململانێیە سیاسییەكانی كردەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا عەبدولمەهدی كەسایەتییەكی سیاسی شارەزایە و كارەكانی بە هێمنی ئەنجامدا لە ناساندنی كاندیدی وەزارەتەكان بە تایبەت مامەڵەی لەگەڵ كاندید كردنی فالح فەیاز كە چەندان جار كاندیدی كردووە، بەمەیش وایكرد لیستەكان ناچار بن بیر لە گۆڕینی بكەنەوە و ئێستەش ناوبراو چانسی بوون بە وەزیری ناوخۆی زۆر لە دەستداوە تەنانەت لەناو ئەو لیستانەی كە پێشتر پشتگیریشیان دەكرد.

"عادل عەبدولمەهدی لە دانیشتنی 24ی ئۆكتۆبەری رابردوو ئەوانەی وەك كاندید ناساند كە پشتگیری پەرلەمانیان هەبوو، ئەوانەیشی كە لە دانیشتنەكەدا چانسی ئەوەیان نەبوو متمانە وەربگرن دوای خستن، بەمەیش لیستەكانی ناچار كردن كە عەبدولمەهدی سەرپشك بكەن لە دەستنیشان كردنی كاندیدەكان، چونكە سەرۆك وەزیران نایەوێت پشتگیری هاوپەیمانی سائیروون لە دەست بدات كە سەركردەیەكی وەك موقتەدا سەدر سەركردایەتی دەكات".  ئەو سەركردە سیاسییە وا دەڵێ.

 هێمای بۆ ئەوە كرد كە عادل عەبدولمەهدی ئەفسەرێكی باڵای كردووە بە وەزیری ناوخۆ بە وەكالەت، بەمەیش رێی بۆ خۆش كرد تا دواتر بیكات بە وەزیری ناوخۆ، هەرچی سوننەكانن، ئێستە بیر لەوە دەكەنەوە كە فەریق روكن عەبدولوەهاب ساعدی سەركردەی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر كاندید بكەن بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری، بەتایبەت دوای زۆرینەی هێزە سوننەكان پشتگیری خۆیان بۆ دەستنیشان كردنی یەكێك لە ئەفسەرە پلە باڵاكانی دەزگای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر راگەیاند و زۆرینەی شەقامی سوننەش لەگەڵ ئەوەدان ساعدی بكرێت بە وەزیری بەرگری.

ئەوەشی خستەڕوو كە هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەركردایەتی ئەیاد عەلاوی ئەویش پاشەكشەی كردووە لە دەستنیشان كردنی كەسایەتییەكی سوننە بۆ ئەو پۆستە و عادل عەبدولمەهدی لەمەدا سەرپشك كردووە.

رەعد دهلەكی سەركردەی لە هاوپەیمانی نیشتمانی رای گەیاند پۆستی وەزیری بەرگری پێوەست نییە بە یەك كەس یان لیستێكی سیاسی دیاری كراو، بەڵكو ئەو پۆستە دەستكەوتێكی نیشتمانییە و پێویستە كەسایەتییەكی بەتوانا و شارەزا و پیشەیی بەڕێوەی ببات.

ئەو گوتی "هاوپەیمانی نیشتمانی سەرۆك وەزیرانی سەرپشك كردووە لەوەی كەسایەتییەكی پیشەیی بۆ ئەو پۆستە كاندید بكات بەو مەرجەی پلەدار بێت لە دامەزراوەی سەربازی بێت و تێوە نەگلا بێت لەگەڵ لیستە سیاسییەكان یان نەچێتە ژێر باری گوشارەكان.

هاوكات عەبدوڵا خربیت سەرۆكی لیستی "ئەنبار ناسنامەمانە – ئەنبار هەویەتونا" ئاشكرای كرد دەستنیشان كردنی سەركردەیەكی سەربازی شیعی بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری، دەستپێشخەری سەرۆكی پەرلەمان بووە و هەموو لایەنە سوننەكان لەسەری كۆك بوون.

روونی كردەوە كە حەلبووسی نامەی تایبەتی بۆ حەوت سەركردەی گەورەی سەربازی ناردووە كە لە دامەزراوە سەربازییەكان خزمەت دەكەن تا یەكێكیان بكرێت بە وەزیری بەرگری، گوتی "پێمان وایە ئەو پرسە پێوەندار نییە بەوەی ئەو پۆستە پشكی فڵان لایەنە یان فیسار لەسەر بنەمای تایفی، بەڵكو پێمان وایە ئەوە دەستكەوتێكی نیشتمانییە و هەر كەس لە هەموویان شیاو تر بێت پێویستە ئەو پۆستەی پێ بدرێت"، زیاتر گوتی "دەمانەوێت پشك پشكێنە تێك بشكێنین كە لە ساڵانی رابردوو زیانێكی زۆر گەورەی لە عێراق داوە".

هەر پێوەند بەو پرسە سالح موتڵەگ سەرۆكی بەرەی عێراقی بۆ دیالۆگی نیشتمانی هۆشداری دەدات لە دواخستنی پڕ نەكردنەوەی پۆستی وەزارەتە بەتاڵەكان، ئاماژە بە هەوڵەكانی بەرهەم سالح سەرۆك كۆماری عێراقیش دەكات كە لەگەڵ لیستە سیاسییەكان لە هەوڵ دایە تا سازش بۆ یەكتری بكەن بە مەبەستی پڕ كردنەوەی ئەو پۆستانە.

موتڵەگ پێی وایە دواكەوتنی پڕ كردنەوەی ئەو پۆستانە لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت لەسەر ئاستی گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و دۆخی كۆمەڵایەتی و تەناهی.

دەستبەردار بوونی سوننەكان لە پۆستی وەزارەتی بەرگری و سەرپشك كردنی عەبدولمەهدی، هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكان ئەیاد عەلاوی كە نێوەندگیری بكات لە نێوان هاوپەیمانی سائیروون بە سەركردایەتی موقتەدا سەدر و هاوپەیمانی فەتح بە سەركردایەتی هادی عامری بۆ گۆڕینی فالح فەیاز كاندیدی هاوپەیمانی دووەم بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری كە موقتەدا سەدر رژدە لەسەر رەت كردنەوەی.

جێی باسە كابینەكەی عەبدولمەهدی لە 24ی ئۆكتۆبەری رابردوو 14 وەزیری متمانەی پەرلەمانی وەرگرتووە، هێشتا هەشت وەزیری ماوە لە پەرلەمان متمانەیان پێ بدرێت كە بەهۆی هەردوو پۆستی وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ زیاتر لە شەش جارە دانیشتنی پەرلەمانی عێراقی لەسەر دوادەخرێت بەهۆی رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسییەكان.



وشە - فه‌رمان سادق