بەرشەلۆنە وەڵامی دەنگۆی رۆیشتنی راكیتیچ دەداتەوە

:: PM:06:00:12/12/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی رەتی كردەوە كە لە چەند سەعاتی رابردوودا لەگەڵ یانەیەكی تر رێككەوتبێت لەسەر فرۆشتنی ئیڤان راكیتچی ئەستێرەی هێڵی ناوەڕاستی كڕواتی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی لەسەر زاری بەرپرسێكی یانەی بەرشەلۆنە لێدوانێكی كیكی جواشی رۆژنامەنووس لە رادیۆی كەتەلۆنیای رەت كردەوە كە رایگەیاندبوو راكیتچ لە وەرزی داهاتوو یانەی بەرشەلۆنە جێدێڵێ.

جواش رایگەیاندبوو كە یانەی بەرشەلۆنە رێككەوتنی لەگەڵ راكیتیچ كردووە بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا رێگەی پێ بدەن بڕوات بەو مەرجەی دەستەوارەیەكیان بە بەهای 125 ملیۆن یۆرۆ پێشكەش بكرێ.

رۆژنامەنووسە ئیسپانییەكە هەروەها ئاشكراشی كردبوو كە راكیتیچ خانووەكەی خۆشی لە شاری بەرشەلۆنە خستبووە بازاڕی فرۆشتنەوە و لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی لە هاوینی داهاتوودا پەیوەندی بە یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە بكات.

جێی باسە هاوینی رابردوو یانەی پاریس سان جێرمان هەوڵێكی زۆری دابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ راكیتیچ و ئامادەیی خۆشی پێشاندابوو پارەی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەی بدات كە 125 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام یانەی بەرشەلۆنە داواكەیانی رەت كردبووەوە.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م