ریال مەدرید دوای مۆندیال گرێبەستێكی نوێ رادەگەیەنێ

:: PM:06:59:12/12/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئامادەكاری دەكات بۆ ئەوەی یەكەم گرێبەستی نوێ لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی مانگی داهاتوو رابگەیەنێ دوای تەواوبوونی یارییەكانی مۆندیالی یانەكان كە ئەمڕۆ چوارشەم لە ئیماڕات دەست پێ دەكات.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: فلۆرەنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید دوای تەوابوونی یارییەكانی مۆندیال گرێبەستی ئیزیكێل پالاسیۆسی ئەستێرەی یانەی رێڤەر پلێتی ئەرجەنتینی رادەگەیەنێ.

ئەم یاریزانە تەمەن 20 ساڵییە ماوەیەكە رێككەوتنی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید كردووە و تەنیا ئەوە ماوە بەفەرمی گرێبەستەكە رابگەیەنرێ كە بۆ دوای یارییەكانی مۆندیال هەڵگیراوە.

یانەی ریال مەدرید هەلێكی لەبەردەمدایە تا لە نزیكەوە بە ئاستی پالاسیۆس بزانێ ئەگەر لەگەڵ یانەی رێڤەر پلێت بگەنە یاریی كۆتایی مۆندیالی یانەكان.

جێی باسە پاڵەوانیەتیی مۆندیالی یانەكان ئەمڕۆ چوارشەم بە یاریی نێوان عەینی ئیماڕاتی و ویلنگتۆنی نیوزلەندی دەست پێ دەكات، یانەی ریال مەدرید وەك پاڵەوانی ئەوروپا لە پاڵەوانیەتییەكە بەشدارە و یانەی رێڤەر پلێتیس وەك پاڵەوانی پارزەوینی ئەمەریكای باشوور دوای ئەوەی رۆژی یەكشەمی رابردوو لە یاریی كۆتایی جامی لیبەرتادۆریس لە ركابەرە ئەرجەنتینییەكەی بۆكا جۆنیۆرزی بردەوە بە ئەنجامی 5-3 گۆڵ لە یاریی چوون و هاتندا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م