سەرۆكی یانەی ئەتلانتا: حەز بە گرێبەستكردن لەگەڵ میسی دەكەم

:: PM:07:16:12/12/2018 ‌

ئەنتۆنیۆ پێركاسی سەرۆكی یانەی ئەتلانتای ئیتاڵی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی (لاگازێتا دیلۆ سپۆڕت) تیشكی خستەسەر لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی.

پێركاسی رایگەیاند: میسی ئەو یاریزانەیە كە دەمەوێ لەنێو یاریگە نوێیەكەمان پێشكەشی هاندەرانی بكەم، بەڵام بەداخەوە ئەمە شتێكی مەحاڵە.

سەبارەت بە یاریگە نوێیەكەشیان رایگەیاند: كاركردن تا ئێستا تێیدا بەردەوامە، رەنگە 2 یان 3 یاری تر لە دەرەوە ئەنجام بدەین و دواتر بەیەكجاری بێینە نێو یاریگە نوێیەكەمان.

زیاتر گوتی: ئامانجمان ئەوەیە كە ئەمساڵ دووربین لە خانەكانی دابەزینی خولی ئیتاڵیا، لوكای كوڕیشم پێ گوتووم كە بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە دەبێت پشت بە یاریزانانی لاو ببەستین بەتایبەتیش لە خولەكانی خوارەوەی ئیتاڵیا.

پێركاسی ئاشكراشی كرد كە هەموو كارێك دەكەن بۆ ئەوەی پلیتێكی وەرزی داهاتووی خولی ئەوروپا بەدەستبێنن، جەختیشی كردەوە كە لەماوەی گواستنەوەی زستانە و هاوینەی داهاتوودا دەستبەرداری چەند یاریزانێكیان دەبن و لە شوێنی ئەوانیش یاریزانی لاو دەهێنن.

جێی باسە یانەی ئەتلانتا لە وەرزی ئەمساڵی خولی ئیتاڵیا تا ئێستا 15 یاریی ئەنجامداوە و 21 خاڵی كۆكردۆتەوە و لە ریزبەندی 7ی یانەكان دێت.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م