تیروپشكی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا چۆن ئەنجام دەدرێ؟

:: AM:10:22:13/12/2018 ‌

دوای تەواوبوونی سەرجەم یارییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكان، بەفەرمی ناوی ئەو 16 یانەیە ئاشكرا بوون كە سەركەوتنیان بۆ قۆناغی داهاتووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا مسۆگەر كرد.

ماڵپەڕی یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ئاشكرای كرد كە دووشەمی هەفتەی داهاتوو سەعات 2ی دوای نیوەڕۆ لە شاری نیۆنی سویسڕا تیروپشك بۆ یارییەكانی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا ئەنجام دەدەن.

بەگوێرەی سیستەمی قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا هەر 16 یانەی سەركەوتوو بۆ 2 ئاست دابەش دەبن، ئەو یانانەی بە یەكەمی كۆمەڵەكانیان سەركەوتوون لە ئاستی یەكەمدا دەبن، یانەكانی ریزبەندی دووەمیش لە ئاستی دووەم دەبن.

ناوی سەرجەم یانەكانی ئاستی یەكەم لە كاتی ئەنجامدانی تیروپشكەكەدا لەنێو شوشەیەك دادەنرێ و ئاستی دووەمیش لەنێو شوشەیەكی تر، ئینجا هەر تۆپێك لە ئاستی یەكەم رادەكێشرێ و لەبەرامبەریشدا تۆپێكی تر لە ئاستی دووەم و ئەم دوو یانە لە قۆناغی 16 رووبەڕووی یەكتر دەبنەوە.

بەڵام بەو مەرجەی ئەو تیپانەی لە قۆناغی كۆمەڵەكان رووبەڕووی یەكتر بوونەتەوە نابێت دووبارە لە قۆناغی 16 بەرامبەر یەكتر یاری بكەنەوە، هەروەها نابێت دوو تیپی یەك وڵاتیش لەم قۆناغەدا رووبەڕووی یەكتر ببنەوە.

ئەو یانانەی كە بەیەكەمی كۆمەڵەكانیان سەركەوتوون واتە لە ئاستی یەكەمن، یاریی یەكەم و چوونیان لە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان ئەنجام دەدەن و یاریی گەڕانەوەشیان لەنێو یاریگەی تیپی بەرامبەر لە ئاستی دووەم دەبێت.

ئەو یانانەی كە بەیەكەمی كۆمەڵەكان گەیشتوونەتە قۆناغی 16 یاخود لە ئاستی یەكەمدان برێتین لە یانەكانی (بڕووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، بەرشەلۆنەی ئیسپانی، پاریس سان جێرمانی فڕەنسی، پۆرتۆی پورتوگالی، ریال مەدریدی ئیسپانی، یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی، مانچستەر سیتی ئینگلیزی و بایرن میونشنی ئەڵمانی).

یانەكانی ئاستی دووەمیش برێتین لە یانەكانی (ئەتلەتیكۆ مەدریدی ئیسپانی، تۆتنهامی ئینگلیزی، لێڤەرپوولی ئینگلیزی، شالكەی ئەڵمانی، رۆمای ئیتاڵی، مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی، ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی و ئۆڵەمپیك لیۆنی فڕەنسی).



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م