نێچیرڤان بارزانی و نادیە موراد كۆ بوونەوە

:: AM:11:59:13/12/2018 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە نادیە موراد خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كرد.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی كانوونی یەكەم، لە هەواڵێكی سایتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە نادیە موراد خاوەنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆكی حكوومەت دووبارە پیرۆزبایی لێ كرد بۆ وەرگرتنی خەڵاتەكە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست، هەروەها هەموو پشتگیرییەكی بۆ كار و چالاكییە مرۆییەكانی لەپێناو ئاشتەوایی و خزمەتكردنی قوربانییانی ئێزیدی و گەیاندنی دەنگیان بە دنیا، هەوڵەكانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەسزاگەیاندنی تیرۆرستانی داعش و ناساندنی كەیسی ئێزیدییان وەك جینۆساید لە دنیا و پاراستنیان، دووپات كردەوە. 

هاوكات نادیە سوپاسی سەرۆك وەزیرانی كرد و پوختەیەكی لەبارەی بەسەرهات و تراجیدیای خۆی و ئێزیدییانی خستە ڕوو و تیشكی خستە سەر هەوڵەكانی لەپێناو گەڕانەوەی ئارامی و ئاشتەوایی بۆ كۆمەڵگەی ئێزیدی و تەواوی قوربانییانی دەستی تیرۆر بەگشتی، هەروەها باسی لە دۆخی ئێستەی ئێزیدییان و ناوچەی شنگال بەتایبەتی كرد و داوای كرد حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی خۆی لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ناوچەكانی تری ئێزیدییان و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و ژیان و پاراستنی سەقامگیری لەو ناوچانە بگێڕێت. 

لە دیدارەكەدا نادیە موراد دانەیەك لە كتێبەكەی بە ناوی (دوایین كچ) كە بە ئینگلیزی بڵاو كراوەتەوە، بە دیاری پێشكەش بە نێچیرڤان بارزانی كرد.



وشە - رامیار جەواد