ئامانجە سەرەكییەكەی بەرشەلۆنە تا ئێستا بڕیاری كۆتایی نەداوە

:: PM:12:07:13/12/2018 ‌

فڕانكی دی یۆنگی ئەستێرەی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی ئاشكرای كرد كە تا ئێستا بڕیاری كۆتایی لەبارەی چارەنووسی نەداوە ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و چەندان گەورە یانەی ئەوروپا چاویان تێ بڕیوە.

هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بە كڕیاری سەرەكی دی یۆنگی تەمەن 21 ساڵی دادەنرێن.

دی یۆنگ شەوی رابردوو لەگەڵ یاریزانانی تیپەكەی لە دوایین قۆناغی كۆمەڵەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا رووبەڕووی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بووەوە و بە ئەنجامی 3-3 گۆڵیش یەكسان بوون.

بەم ئەنجامە دی یۆنگ لەگەڵ یانەی ئەیاكس ئەمستەردام دوای یانەی بایرن میونشن بە دووەمی كۆمەڵەی شەشەم خۆیان گەیاندە قۆناغی 16ی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

دوای یارییەكە دی یۆنگ بە رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی راگەیاند كە تا ئێستا خۆی یەكلایی نەكردۆتەوە سەرەڕای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە لەگەڵ بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی نزیكبوونەتەوە.

دی یۆنگ بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی كە ئەمساڵ لەگەڵ یانەی ئەیاكس پێشكەشی كردووە، سەرنجی زۆرێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپای بۆ خۆی راكێشاوە.

چەند رۆژێك پێش ئێستا تەلەفزیۆنی (Esport3)ی ئیسپانی ئاشكرای كردبوو: دی یۆنگ پێی باشترە بچێتە یاریگەی كامپ نوو و یانەی بەرشەلۆنە نەك روو لە خولی ئینگلیزی (مانچستەر سیتی) و فڕەنسی (پاریس سان جێرمان) بكات.

سەرجاوەكە جەختیشی كردبووەوە كە دی یۆنگ چاوەڕێی هەنگاوەكانی یانەی بەرشەلۆنە دەكات بۆ ئەوەی گرێبەستی لەگەڵ بكەن.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م