مارسێلۆ: غەریبی رۆناڵدۆ دەكەم بەڵام....

:: PM:02:43:15/12/2018 ‌

مارسێلۆی بەرگریكاری بەڕازیلی و یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دانی بەوەدانا كە خۆی و تیپەكەی غەریبی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی و گۆڵكاری مێژوویی یانەكەیان دەكەن كە هاوینی رابردوو جێی هێشتن.

رۆناڵدۆ هاوینی رابردوو دوای 9 ساڵ یاریكردن ریزی یانەی ریال مەدریدی جێهێشت و بەگرێبەستێك كە بەهاكەی 117 ملیۆن یۆرۆ بوو لەگەڵ مووچەی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵییەوە كرد.

مارسێلۆ بە رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی راگەیاند: بێگومان باشترین یاریزانی جیهان یانەكەمان جێبێڵێ غەریبی دەكەین، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە نزیكترین هاوڕێم بوو وەك سێرجیۆ رامۆس و لوكا مۆدریچ.

مارسێلۆ جەختیشی كردەوە: سەرەڕای رۆیشتنی رۆناڵدۆ هێشتا ریال مەدرید باشترین یاریزانەكانی جیهانی تێدایە لەسەرجەم هێڵەكاندا، هەموو تیپێك خەون بە رۆناڵدۆ دەبینێ، بەڵام ریال مەدرید بەرۆیشتنی هەر یاریزانێك هەر بەگەورەیی دەمێنێتەوە.

لەبارەی دەنگۆكانی چوونی بۆ یانەی یۆڤێنتۆس، مارسێلۆ رایگەیاند: تا ئێستا تەنانەت بیریشم لە جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید نەكردۆتەوە.

زیاتر گوتی: هەمیشە هەموو شتێكم كردووە بۆ ئەوەی لە یانەی ریال مەدرید بمێنمەوە، بیریشم لە كاتی یاریكردن نەكردۆتەوە و ئەگەر بۆ ماوەی تەنیا 15 خولەك لە هەموو یارییەك بەشداربم بۆ من هەموو شتێكە و هەوڵیشم دەدەم لەم ماوە كورتەدا هەموو شتێكم پێشكەش بكەم بۆ سەركەوتن.

بەرگریكارە بەڕازیلییەكە دانی بەوەشدانا كە لەسەرەتادا هەرگیز باوەڕی نەدەكرد لە ریزی یانەی ریال مەدرید یاری بكات، بەڵام لەناكاو بووە بە بەشێكی گرینگ لەریزی ئەو یاریزانانەی كە لە تەلەفزیۆن یان لە پلەی ستەیشن دەیانبینی.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م