پارتى به‌ لیژنه‌یه‌كى تر گفتوگۆكانى پێكهێنانى حكوومه‌ت ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌

ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌. پارتى دیموكراتى كوردستان بۆ ئه‌م جاره‌ لیژنه‌یه‌كى ترى ڕاسپاردووه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان.

پارتى دیموكراتى كوردستان خاوه‌نى 45 كورسیی په‌رله‌مانى كوردستانه‌ ئه‌ركى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى له‌ ئه‌ستۆیه‌ و تا ئێسته‌ دوو جار له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان و بزووته‌وه‌ى گۆڕان كۆبووه‌ته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كى به‌رپرس له‌ناو پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ "وشه‌"ى گوت، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕێكى ترى كۆبوونه‌وه‌كان بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتوو كوردستان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌ و پارتى لیژنه‌یه‌كى تر بۆ گفتوگۆ كردن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان ڕاده‌سپێرێ.

هاوكات د.ئاراس حه‌سۆ میرخان ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، ئه‌و لیژنه‌ى كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و گۆڕان كۆبوونه‌وه‌ لیژنه‌ى پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووى كوردستان نه‌بوون، به‌ڵكو له‌م هه‌فته‌یه‌وه‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌ لیژنه‌یه‌كى تر ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌وه‌ى تا ئێسته‌ ڕوون بووه‌ته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان به‌شدارى له‌ كابینه‌ى داهاتووى حكوومه‌ت ده‌كات و به‌رپرسانى گۆڕانیش ده‌ڵێن، چاوه‌ڕێى كارنامه‌ى پارتى ده‌كه‌ن بۆ بڕیاردان، به‌ڵام به‌شدارى كردن له‌ حكوومه‌ت ئه‌گه‌رێكى نزیكتره‌ وه‌ك له‌ به‌شدارى نه‌كردن.

پارتى دیموكراتى كوردستان مه‌سروور بارزانى ڕاوێژكارى ئه‌نجوومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان و ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسیی كاندید كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك وه‌زیرانى داهاتووى كوردستان.
 


وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:07:44:15/12/2018




ئه‌م بابه‌ته 4514 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌