ئەنادۆڵو: ئەمەریكا هەڕەشە لە چەكدارانی سەر بە توركیا لە سووریا دەكات

:: PM:11:11:15/12/2018 ‌

لەو كاتەی سوپای توركیا خۆی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنێكی سەربازی بۆ سەر ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات لە سوریا ئامادە دەكات، ئەمەریكا هەڕەشە لە گرووپە چەكدارەكانی سەر بە توركیا لە سووریا دەكات لە ئەگەری بەشداریكردنیان لە ئۆپەراسیۆنەكە.

دوای توندتربوونی هەڕەشەكانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەوەی لە چەند رۆژی داهاتوو وڵاتەكەی ئۆپراسیۆنی سەربازی لە دژی یەپەگە لە رۆژهەڵاتی فورات لە سووریا ئەنجام دەدات، ئیدارەی ئەمەریكا هەوڵەكانی بۆ رێگریكردن لە بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنەكە زیاتر دەكات. 

وەك ئاژانسی ئەنادۆڵوی توركی ئاماژەی كردووە، وێڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و بەرپرسانی ئەو وڵاتە پێوەندیان بە بەرپرسانی توركیان كردووە و نیگەرانی خۆیان راگەیاندووە، دیپلۆماسیەتی ئەمەریكا و دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە دەستیان بە هەڕەشەكردن لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا كردووە. 

زیاتر دەڵێت، بەرپرسانی ئەمەریكا پەیامێكی هەڕەشەئامێزیان بۆ گرووپەكانی سەر بە سوپای سووریای ئازاد و ئۆپۆزسیۆن ناردووە و داوای بەشداری نەكردنیان لە ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا لێ كردوون. لە پەیامەكە هاتووە كە ئەو گرووپەی بەشداری لە ئۆپراسیۆنەكە بكات، راستەوخۆ رووبەڕووی سوپای ئەمەریكا دەبێتەوە. 

زیاتر دەڵێت، بەشداریكردنی ئەو گرووپانە لە ئۆپەراسیۆنەكە مانای رووبەڕبوونەوەی راستەوخۆیە لەگەڵ ئەمەریكا یان هێزەكانی هاوپەیمانەكان، چونكە هێزەكانی ئەمەریكا و هێزەكانی هەسەدە تێكەڵی یەكترن، بۆیە نابێت هێزەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان بكرێنە ئامانج و هێرش بكرێتە سەر هەسەدە.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل