مۆرینۆ دەبێتەوە راهێنەری ئینتەر میلان

:: PM:12:57:17/12/2018 ‌

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی پلان دادەڕێژێ گرێبەست لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئیمزا بكات لە كۆتایی ئەم وەرزەدا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە ئەو راهێنەرە لەم وەرزەدا رووبەڕووی رەخنەیەكی زۆری هاندەران و بەپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد بۆتەوە بەهۆی خراپی ئەنجامی یارییەكان بەتایبەت لە خولی نایابی ئینگلیزییەوە.

جگە لەوەش مۆرینۆ ئێستا پەیوەندی لەگەڵ زۆرێك لە یاریزانەكانی یانەكەی خراپە بەتایبەتیش پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی.

رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: كارگێڕی یانەی ئینتەر میلان بیر لەوە دەكەنەوە گرێبەستی راهێنەرەكەیان لۆچیانۆ سپالێتی هەڵبووەشێننەوە و لە شوینێ ئەویش مۆرینۆ دابمەزرێنن.

یانەی ئینتەر میلان هەفتەی رابردوو ماڵئاوایی لە خولی پاڵەوانانی ئەوروپا كرد و ئێستاش لە ركابەرییەكانی قۆناغی 32ی خولی ئەوروپا بەشدارە، هەروەها لە خولی ئیتاڵیاش بە 14 خاڵ لە دواوەی یانەی یۆڤێنتۆسی پێشەنگی یانەكانە.

جۆزیپی مارۆتای بەڕێوەبەری گشتی یانەی ئینتەر میلان ناوی مۆرینۆی لە ریزبەندی یەكەمی ئەو راهێنەرانە داناوە كە پاڵێوراون بۆ شوێنگرتنەوەی سپالێتی لەنێو یاریگەی سان سێرۆ.

جێی باسە مۆرینۆ پێشتر بۆ ماوەی 2 وەرز لەنێوان ساڵانی 2008 تا 2010 راهێنەرایەتی یانەی ئینتەر میلانی كردبوو و لەو ماوەیەشدا 2 ناسناوی خولی ئیتاڵیا و جامێكی ئیتاڵیا و جامێكی سوپەری ئیتاڵیا و جامێكی خولی پاڵەوانانی ئەوروپای بەدەستهێنابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م