میسی پێڵاوی زێڕینی وەرگرت

:: AM:10:07:19/12/2018 ‌

لیۆنێل میسی هێرشبەر و كاپتنی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بەفەرمی خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی وەرگرت وەك گۆڵكاری خولە گەورەكانی ئەوروپا لە وەرزی 2017-2018.

خەڵاتەكە لەلایەن رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی سپۆنسەری دەكرێ و میسیش توانیبووی بە تۆماركردنی 34 گۆڵ پێش ركابەرەكانی جۆناسی هێرشبەری یانەی بەنفیكای پورتوگالی، محەمەد سەڵاحی هێرشبەری یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی و رۆبەرت لیڤاندۆفیسكی هێرشبەری یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی بكەوێتەوە.

ئەمە پێنجەمجارە میسی خەڵاتی پێڵاوی زێڕین وەك گۆڵكاری خولە بەهێزەكانی ئەوروپا دەباتەوە و پێشتریش لە ساڵانی 2010، 2012، 2013 و 2017 بەهەمانشێوە لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكاران هاتبوو.

جێی باسە میسی ئەمساڵیش تا ئێستا لە ریزبەندی یەكەمی گۆڵكارانی خولە گەورەكانی ئەوروپا دێت كە 14 گۆڵی لە خولی ئیسپانیا تۆمار كردووە و ركابەرەكەشی برێتییە لە كیلیان مباپێی هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی كە 12 گۆڵی هەیە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م