محەمەد حاجی مه‌حموود: ئەگەر ڕێبوار تاڵەبانی بچێتەوە كەركووك بە هێزەوە لەگەڵی دەچین

:: PM:06:40:27/12/2018 ‌
لەسەر بڕیاری گرتنی ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕای گەیاند، هەركاتێك ڕێبوار تاڵەبانی ویستی بچێتە كەركووك ئەوا بە هێزەوە لەگەڵی دەچین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 27ی كانوونی یەكەم، محەمەدی حاجی مەحموود سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە لاپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پەیامێكی بڵاو كردووەتەوە و تیایدا هاتووە، گوێبیستی هەواڵی دادگای كەركووك بووین كە سزای بەسەر ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەركردووە، لە كاتێكدا ڕێبوار تاڵەبانی بەدەنگی خەڵكی شاری كەركووك هەڵبژێراوە، بۆیە ئەو بڕیارە بڕیارێكە دوور لە هەموو یاساو ڕێسایەك و بەبڕیارێكی نادادپەروانەرانەی لە قەڵەم دەدەین.

سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێت، ڕێبوار تاڵەبانی نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكانی كەركووكی كردووە بەبێ جیاوازی، بۆیە ئەو دادگایە بە دادگایەكی "تایفەگەری" دەزانین نەك دادگای بەرگریكاری خەڵكی كەركووك .

محەمەد حاجی مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هەركاتێك ڕێبوار تاڵەبانی ویستی بچێتە كەركووك ئەوا  بە هێزەوە لەگەڵی دەچین، ئەوكات دادگای كەركووك بابێت دادگای بكات.

" ئێمە بە دادگای كەركووك و دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێین هەر دوێنێ سەرۆكی ئەمەریكا سنووری ئاسمانی عێراقی بەزاندن بەبێ ئەوەی هیچ كەس لەعێراقییەكان ئاگایان لەو سەردانەی سەرۆكی ئەمریكا بوبێ بۆ عێراق، بەمەش گەورەترین سووكایەتی كرد بە عێراق و سەروەری عێراق ئەی دادگای فیدراڵی بۆ ورتەی لە دەم دەرنەهات و بە پێشێلكاری و بەزاندنی سەروەری عێراق سزای ترەمپی نەدا؟ تەنانەت سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراقیش لە ڕاگەیاندنەكانی ئەمەریكاوە گوێبیستی هاتنەكەی ترامپ بوون بۆ عێراق" سكرتێری حزبی سۆسیالیست وا دەڵێت.

دوێنی دادگای كەتنی كەركووك بڕیاری گرتنی بۆ ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەركرد بە بیانووی كەمتەرخەمی وەزیفی.

كەركووك لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 لەلایەن میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چاوساغی چەند كەسێكی ناو یەكێتی داگیر كراوە، لەو كاتەوە بەهۆی مەترسی لەسەر گیانی ڕێبوار تاڵەبانی كەركووكی جێهێشتووە و ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكەیش ناتوانێ كۆ ببێتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم