سامەڕا مەترسی كەوتنە دەست داعشی لێ دەكرێت.. بە دەردی مووسڵ دەچێت؟

:: AM:10:16:08/01/2019 ‌
تا دێت دۆخی تەناهیی سامەڕا ئاڵۆز دەبێت، ناڕەزایەتی خەڵكی ئەو شارۆكەیە ئاماژەی مەترسیداری لێ دەكرێت و ئەنجوومەنی پارێزگاش هۆشداری لە قووڵبوونەوەی زیاتر ناكۆكییەكانی نێوان خەڵكی شارۆكە سوننەكە و هێزی وەقفی شیعی و میلیشیا چەكدار و سوپای عێراقی دەدەن. وەقفی شیعەش دەڵێ قسەكانی ئەحمەد كەریم لە بەرژەوەندی شارۆكەكە نییە.

 سامەڕا كە سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە،  "110كم باكوری بەغدا" یەكێكە لە پارێزگا سوننەكان، بەڵام بوونی مەزاری هەردوو ئیمام عەسكەرییەكەی شیعە لەو شارۆكەیە، وایكردووە لە 2006 دوای تەقینەوەی هەردوو مەزارەكە، دۆسیەی تەناهی شارەكە بكەوێتە دەست وەقفی شیعە و هێزە شیعەكان. لەو كاتە ناكۆكییەكان لە نێوان ئەو هێزانە و خەڵكی شارەكە بوونی هەیە و ئێستە گەیشتووە بە ترۆپك و ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكەش هۆشداری دەدەن.

دوای تەقینەوەی هەردوو مەرقەدی ئیمامە عەسكەرییەكە لە 22ی شوباتی 2006، پاراستنی مەزارەكە خرایە ئەستۆی وەقفی شیعی، ئەوانیش هێزێكی تایبەتیان بۆ پێكهێنا و ئەو هێزە وێڕای پاراستنی هەردوو مەزارەكە، گوشاری خستەسەر خەڵكی نیشتەجێی دەوروبەری مەزارەكە و ناچاری كردن خانووەكانیان بە نرخێكی هەرزان بفرۆشن و ناوچەكە چۆڵ بكەن، تەنانەت بازاڕی نزیك مەزارەكەشیان بەمجۆرە كڕییەوە و خستیانە سەر وەقفی شیعە، بەمەش لەتێكی سامەڕایان لە خەڵكی شارۆكەكە دابڕی و كردیانە ناوچەی هەژموونی خۆیان.

جگە لە هێزی وەقفی شیعە، دۆسیەی تەناهی شارۆكەكە درایە دەست سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی سامەڕا و بەسترایەوە بە سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەغدا كە سوپای عێراق و سەرایەی سەلامی سەر بە موقتەدا سەدر لەو شارە دەسەڵاتدارن، بێ بەشداری هێزی پۆلیسی خۆجێی و هێزی سوننە.

 هەموو ئەوانەی لە ماوەی رابردوو روویان داوە، خەڵكی سوننەی سامەڕایان هەراسان كردووە بە دەست ستەمی ئەو هێزانە و برسیەتی و بێكاری، تەنانەت بەشێكی زۆر لە خەڵكەكە شارەكەی جێهێشتووە و رووی لە كوردستان یان ناوچەیەكی تری ئارام كردووە تا بە ئاسوودەیی ژیان بەسەر بەرێت، ئەمەش ئەنجوومەنی شارەكەی ناچار كرد لە بەیاننامەیەكدا هۆشداری بدەن لە تێكچوونی دۆخی تەناهی و كەوتنی شارۆكەكە هاوشێوەی مووسڵ، داوایان لە وەقفی شیعە و هێزە عێراقییەكان كرد پێداچوونەوەیەك بە دۆخی تەناهی شارۆكەكە بكەن.

ئەحمەد كەریم سەرۆكی ئەنجوومەنی سامەڕا داوا لە عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكان دەكات ئەو ستەمەی لە خەڵكی شارۆكەكە دەكرێت بوەستێنرێت.

ئەو داوایەی سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لە كاتێكدایە ئاگری شەڕی تایفی لە عێراق لە سامەڕا هەڵگیرسا بە تەقاندنەوەی مەزاری هەردوو ئیمامەكە كە تا ئێستەش بەردەوامە و بەهۆیەوە هەزاران خەڵكیش بوونەتە قوربانی و گۆڕانكاری گەورەی دیمۆگرافیش لە بەشێك لە پارێزگاكانی عێراق رووی داوە كە دانیشتووانەكەی تێكەڵەیەك بوونە لە سوننە و شیعە.

خەڵكی سامەڕا لە ماوەی نزیكی رابردوودا لە ئاستی سیاسی و جەماوەری جووڵانەوەیەكی فراوانیان دەست پێ كردووە و سەردانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار و موقتەدا سەدر و عەلی سیستانی و مەرجەعە شیعەكانی تر و دەیان سەركردەی باڵای سیاسی عێراق كردووە، بۆ دەستوەردان لە دۆخی تەناهی شارۆكەكە و كۆتاهێنان بەو ستەمەی لەسەر وەقفی شیعە و هێزە شیعەكانی تر لێیان دەكرێت.

 شێخ ئەسفوك قەحتان سەرۆكی ئەنجوومەنی عەشایەری شارۆكەكە دەڵێ، داواكاری خەڵك كەمكردنەوەی گوشاری تەناهییە لەسەریان، كەمكردنەوەی هێز لەناو شارۆكەكە تا دەگات بە قەدەغەكردنی چەك، ئازادكردنی ئەو كەسانەی گیراون لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، كردنەوەی شاری كۆنی سامەڕا كە دوو مەزارەكەی لێیە، رێپێدان بە كردنەوەی تەواوی بازاڕی ناوچەكە، پێكهێنانی لیژنەیەك بۆ پێداچوونەوە بە دۆسیەی تاپۆكردنی خانووەكانی دەوروبەری مەزارەكە و هەڵسەنگاندنی بەو نرخەی كە دەیهێنێت نەك بەو نرخەی كە گوشار خراوەتەوە سەر خەڵكەكە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی عەشاریەی سامەڕا ئاماژە بەوە دەدا كە خەڵكی شارۆكەكە لە 12 سەدەی رابردوودا مەزارەكانیان پاراستووە، ئێستەش پێویستە بەشدارییان پێ بكرێت لە پاراستنی مەزارەكە.

سامەڕا كە لە سەردەمی موعتەسەم بیلا خەلیفەی عەباسی لە ساڵی 835ی زاینی دروست كراوە، دوای تكریت كە سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدینە، گەورەترین شارۆكەی پارێزگاكەیە و ژمارەی دانیشتووانی نزیكەی 400 هەزار كەس دەبێت كە هەموویان سوننەن.

مەزاری دوو ئیمامە عەسكەرییەكە (عەلی هادی و حەسەن ئەلعەسكەری) دەكەونە ناوەڕاستی شارۆكەكە و زیاتر لە دوو هەزار خانوو، بازاڕ و 50 هوتێل و خواردنگە كە دەكەونە دەوروبەری هەردوو مەزارەكە، رێی هاتوچۆیان بەسەر داخراوە و خەڵكەكەشی دەركراوە و بەزۆر خانووەكانیان پێ فرۆشتوون، رێیش نادەن كەس سەردانی ئەو ناوچەیە بكات، تەنانەت بۆ دووكاندار و خاوەن هوتیڵ و خواردنگەكانیش.

ئەگەرچی وەقفی شیعە لە شارۆكەكە لە بەیاننامەیەكدا كە دوێنێ دووشەم حەوتی كانوونی دووەم/ یەنایەر بڵاوی كردەوە، لێدوانی ئەحمەد كەریم سەرۆكی ئەنجوومەنی شارۆكەكەی بە توند ناو برد، دەڵێ لێدوانەكە لە بەرژەوەندی شارۆكەكە نییە بە تایبەت لە دۆخی ئێستەدا، پێویستە برینەكان نەكولێنینەوە بۆ ئەوەی رووداوەكانی رابردوو روو نەدەنەوە.

خەڵكی شارۆكەكە كە لە چەند رۆژی رابردوودا ناڕەزایەتییان نیشان داوە، نایشارنەوە كە داعش لە باشوور و باكوری شارەكە چالاكی دەست پێ كردووەتەوە، ئەو ستەمەی لە خەڵكی شارۆكەكەش دەكرێت پاڵنەر و هاندەر دەبێت بۆ كەوتنی شارۆكەكە وەك ئەوەی لە مووسڵ لە 2014 رووی دا، كە هەموو پێویستییەكانی كەوتنی شارەكە بەهۆی ستەمی سوپا و هێزە تەناهییەكان و بێكاری، بۆ هاتنی داعش ئامادە كرابوو، ئەمەش هۆكار بوو كە خەڵكی شارەكە پێشوازی لە داعش بكەن.



وشە - فه‌رمان سادق